وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: پشتیوان و هەماهەنگی سەرخستنی كارهكانی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانین
ڕۆژى سێشەممە ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە شاندێكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان كرد. شاندەكە بە سەرۆكایەتيی نەبەرد عومەر حوسێن، سەرۆكی دەستەكە، بە مەبەستی تاووتوێكردنی پرسی هەڵبژاردنی گشتیی هەرێمی كوردستان سەردانی دیوانی وەزارەتیان كردبوو.
لە دیدارێكدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای بەخێرهێنان، پشتیوانيی وەزارەتی بۆ سەرخستنی هەوڵەكانی ئەو دەستەیە دەربڕی و هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
حەمەی حەمەسەعید، ئاماژەی بەوە دا: لە كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، دامەزراوەكانی هەرێم هەماهەنگ و پشتیوانی هەوڵەكانی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم بن، بۆ ئەوەی هەرچی زیاترە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای دووپات كردنەوە لەسەر پشتیوانی كاری دەستەكە، ڕایگەیاند، وەزارەت ئامادەكاری تەواو دەكات بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و بەرهەمهێنانی ژمارەیەك بابەتی میدیایی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو بكرێنەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەماهەنگی و پشتیوانییەكانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی كرد و جەختی لەسەر بەرەوپێشبردنی زیاتری هەماهەنگی نێوان هەردوولا كردەوە.