Skip to the content

یەكەم ئۆڵۆمپیادی وەرزشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە هەڵەبجە بەڕێوە چوو

بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەم ئۆڵۆمپیادی وەرزشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگه‌ی هەڵەبجە بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئۆڵۆمپیادی وەرزشی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانكۆ و بەرپرسانی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگه‌ی هەڵەبجە، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان مەشخەڵی یەكەم ئۆڵۆمپیادی وەرزشی هەڵەبجەی هەڵكرد.

لە مەراسیمەكەدا، كە ئێوارەی ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٤، بەڕێوە چوو، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە گوتەیەكدا، وێڕای پیرۆزبایی لە زانكۆی هەڵەبجە و دەستخۆشی بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی زانكۆكە، ڕایگەیاند: وەرزش پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و برایەتییە و هەڵەبجە كە پایتەختی ئاشتیی كوردستانە، بووەتە سیمبولێكی گرنگی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا.

لە بەشێكی دیكەی گوتەكەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی هەوڵەكانی زانكۆی هەڵەبجەی كرد، بۆ پێشخستنی بوارە جیاجیاكانی كولتوور و وەرزش لە سنووری پارێزگاكەدا.