Skip to the content

گرووپی شانۆی هەوار دوو خەڵاتی یەكەمی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتيی "عشیات"ی بەدەستهێنا

ڕۆژی شەممە ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، گرووپی شانۆی هەوار، سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی بەشداری لە حەڤدەهەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتيی عشیات، سروتە شانۆییەکان لە وڵاتی ئوردن كرد، دوو خەڵاتی یەكەمی فێستیڤاڵەكەی بەدەستهێنا.
لە فێستیڤاڵەكەدا تیپە شانۆییەكانی ١١ وڵاتی جیهان بە نمایشی ١٨ دەقی شانۆیی بەشدار بوون و بە پشتیوانيی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، گرووپی شانۆی هەوار لە هەرێمی كوردستانەوە بەشداربوو.
لە فێستڤاڵەكەدا، گرووپی شانۆی هەوار نمایشی شانۆیی (سەلمە)ـی پێشكەش كرد، كە ناوەرۆكه‌كه‌ى باسی لە تاوانەكانی جینۆساید، ئەنفال و كیمیاییباران دەكرد. لیژنەی داوەريی فێستیڤاڵەكە، خەڵاتی باشترین نمایشی فێستیڤاڵ و باشترین خەڵاتی ئەکتەری کچیان بە گروپی شانۆی هەوار به‌خشى.
ئەو دەقە شانۆییە مانگی ڕابردوو، لە تونس بە زمانی فەرەنسی و كوردی و لە فێستیڤاڵی عشیاتی ئوردن بە زمانی ئینگلیزی نمایشكرا.
فێستیڤاڵی عشیاتی سروتە شانۆییەكان، خولی حەڤدەهەمی بە چاودێری د. هەیفا نەجاڕ، وەزیری ڕۆشنبیريی ئوردن ڕۆژی ٢٨ی ئایار دەستی بە كارەكانی كرد و ڕۆژی ١ی حوزەیران بە خەڵاتكردنی براوەكان كۆتایی پێ هات.