وهزيرى ڕۆشنبيرى و لاوان: پێویستە بوێرانە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی مافی ژنان بنرێت
ڕۆژى سێشهممه ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، به ئامادهبوونى هەریەك لە چنور نامق، ڕاوێژكاری وەزارەت و بەرپرسی یەكەی جێندەر، پێشوازی لە د. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان و گەشەپێدان كرد، کە بەمەبهستی گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی یەکسانی لەنێو دامەزراوەکانی حکومەت، سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی کرد.
لە میانی دیدارێكدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای بەخێرهێنانی، ستایشی هەوڵ و كۆششی ئەنجومەنەكەی كرد، بۆ گەشەپێدانی توانا و كارامەییەكانی ژنان.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، جەختی لەسەر بەشداريی كارای ژنان لە بوارە جیاجیاكانی ژیانی گشتی كردەوە و ڕایگەیاند: پێویستە بوێرانە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی سیاسەتی یەکسانی بنرێت. گوتیشی: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە، هەوڵی هەمەلایەنەمان لە وەزارەت خستووەتەگەڕ، بۆ ئەوەی دەرفەتی یەكسان بۆ ژنان بڕەخسێنرێت و ڕۆڵی خۆیان لە پێشخستنی بوارەكانی ڕۆشنبیری، هونەر و وەرزش بگێڕن.
ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە پێشەنگی وەزارەت و دامەزراوهكانە، کە یەكەی "جێندەر"ی كردووەتەوە و گوتیشی "هەموو پشتیوانییەكمان بۆ یەكەكە دابین كردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە چوارچێوەی وەزارەت، كار و ئەركەكانی لەپێناو خزمەتكردنی پێگەی ژن و پاراستنی بنەماكانی یەكسانيی جۆری كۆمەڵایەتی بپارێزێت."
حەمەی حەمەسەعید، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاكێشا، كاركردن لە بواری هێنانەدی یەكسانيی جۆری كۆمەڵایەتی، ئاستەنگی لەبەردەمە و پێویستە بوێرانە هەنگاوی بۆ بنرێت.
لە بەرانبەردا، د. خانزاد ئەحمەد گوتی: جێی خۆشحاڵییە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەپێشەوەی ئەو وەزارەت و دامەزراوانەیە، كە سیاسەتی یەكسانيی ڕەگەزی پەیڕەو دەكەن.
لەو میانەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لیژنەیەکی ڕاسپارد بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەی سیاسەتی یەکسانی، لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی وەزارەتدا.