وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە شاندێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانە و ئەنستیوتی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرد
ڕۆژی دووشەممە ٢٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دیوانی وەزارەت پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەیەكی فراواندا چەندین پرسی كولتووری و فەرهەنگی و هەماهەنگی نێوان وەزارەت و دامەزراوە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.
شاندی فەرەنسا پێكهاتبوون لە برێم یان، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، پاسکال ڕۆس، بەرپرسی هەماهەنگی و کولتووری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق، فرێدریک تارید، بەڕێوەبەری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر، دەشتی عومەر سدیق، بەرپرسی کولتووری ئەنستیتوتی فەرەنسی.
لە كۆبوونەوەكەدا، چەند پرسێكی جێی بایەخی نێوان وەزارەت و دامەزراوە كولتوورییەكانی فەرەنسا تاووتوێ كرا.
فەرەنسا ستایشی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دەكات
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە بەراییی دیدارەكەدا ستایشی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی كرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر پشتیوانیی بەردەوامی وەزارەت نەبووایە، نەدەتوانرا چالاكییە كولتوورییەكانی كونسوڵخانەی فەرەنسا پەرەیان پێ بدرێت.
کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لە بەراییی دیدارەكەدا ستایشی هەماهەنگی و هاوكارییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی كرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر پشتیوانیی بەردەوامی وەزارەت نەبووایە، نەدەتوانرا چالاكییە كولتوورییەكانی كونسوڵخانەی فەرەنسا پەرەیان پێ بدرێت.
لەو میانەیەدا، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێزانینی بۆ هاوكاری و پڕۆژە كولتوری و فەرهەنگییەكانی كونسوڵخانەی فەرەنسا دەربڕی و ڕایگەیاند، دامەزراوە كولتووری و فەرهەنگییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان بە جددی كار بۆ پێشخستنی كولتووری دەكەن.
ئۆڵۆمپیادی پاریس و كونسێرتی هەولێر
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی فەرەنسی تیشكیان خستە سەر گرنگی بەڕێوەبردنی یارییەكانی ئۆڵۆمپیادی پاریس و كاریگەرییان لەسەر ئاشنابوونی كولتوورە جیاكان بەیەك.
لەو چوارچێوەیەدا، ئاماژەیان بەوەدا، كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر كۆنسێرتێكی تایبەت ساز دەكات و بە فەرمی بانگهێشتنامەی ئامادەبوونیان پێشكەش بە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان كرد.
ستایشی هەماهەنگییەكان
لە بەشێكی دیكە دیدارەكەدا، پاسکال ڕۆس، بەرپرسی هەماهەنگی و کولتوری باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق پوختەیەكی لە بارەی هەماهەنگییە دامەزراوەییەكان و بەدەمەوەهاتنی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ پڕۆژە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و جەختیكردەوە، بە بێ هاوبەشی و هەماهەنگی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پڕۆژەكان بە ئاسانیی بە ئاكام نەدەگەیشتن.
فەرەنسا دۆستی دێرینە
هەر سەبارەت بە بایەخی پەیوەندی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەرەنسا و كرانەوەی كولتووری نێوان هەردوو گەل، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ئاماژەی بە ڕۆڵی دۆستانەی گەل و حكومەتی فەرەنسا و پشتیوانییەكانی بۆ دۆزی كورد لە هەرێمی كوردستان كرد.
حەمەی حەمەسەعید، ئەوەی بیرهێنایەوە، كە فەرەنسا لایەنی سەرەكی و ئەندازیاری چەسپاندنی هێڵی دژە فڕین بوو، كە بە هۆیەوە گەلی كوردستان توانی پارێزراو بێت لە هەڕەشە و پەلاماری فڕۆكەكانی ڕژێمی عێراق و توانی دامەزراوە دەستوورییەكان بنیات بنێت و بكەوێتە سەر شاڕێی بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و دیموكراتی لە هەرێمی كوردستاندا.
پرۆژە كولتوورییەكان
لە چوارچێوەی دیدارەكەدا، "فرێدریک تارید"، بەڕێوەبەری ئەنستیتوتی فەرەنسی لە هەولێر پوختەیەكی لە بارەی پڕۆژە كولتوورییەكانیان خستەڕوو و ڕایگەیاند، لە بەرنامەیاندایە پێشانگەیەكی شێوەكاری ئۆنلاین لە هەڵەبجە و فێستیڤاڵی سینەما لە سلێمانی و دهۆك ڕێكبخەن.
وتیشی: بۆ ساڵی داهاتوو بە نیازن درێژە بە فێستیڤاڵی شیعری ژنان لە هەڵەبجە بدەن، كە ئەمساڵ بۆ یەكەمجار بەڕێوەچوو.
لە بەرامبەریشدا، حەمەی حەمەسەعید، جەختی لەسەر پشتیوانی وەزارەت بۆ سەرخستنی پڕۆژە كولتوورییەكانی فەرەنسا لە هەرێمی كوردستان كردەوە و ئامادەیی وەزارەتی بۆ هەموو كارئاسانییەك دەربڕی.
سەد ساڵەی میتەران دەكرێتەوە
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وێڕای هێنانەبەرباسی یاد و ڕۆڵی خاتوو دانیال میتەران، دۆستی دێرینی كورد، ئاماژە بۆ ئەوە كرا، كە لە 29ی تشرینی یەكەمی 2024، یادی سەد ساڵەی لەدایكبوونی خاتوو دانیال میتەرانە.
بۆ ئەو مەبەستە كونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر بە نیازە چەند چالاكییەكی كولتووری و هونەری بەڕێوەبەرن و وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی سەرجەم چالاكییەكانی تایبەت بەو یادە دەربڕی.
وەرگێڕانی كتێب
یەكێكی دیكە لە باسە جێبایەخەكانی كۆبوونەوەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لەگەڵ شاندی كونسوڵخانە و ئەنستیوتی فەرەنسی لە هەولێر، تاوتوێكردنی پڕۆژەی وەرگێڕانی زنجیرەیەك كتێبی كوردی بوو بۆ سەر زمانی فەرەنسی، بە مەبەستی ئاشناكردنی زیاتری خوێنەرانی فەرەنسی بە كولتوور و مێژوو و فەرهەنگی كوردی.
بانگهێشت بۆ هەورامان
لە كۆتایی دیدار و كۆبوونەوەكەدا، حەمەی حەمەسەعید، بانگهێشتی كونسوڵ و بەڕێوەبەری ئەنستیوتی فەرەنسایی كرد، بۆ سەردانی هاوینەهەوار و ژینگە و سروشتی هەورامان، كە ناوەندێكی دەوڵەمەندی كولتووری و فەرهەنگی كوردستانە و هاوینەهەوار و سەیرانگەكانی بێهاوتان لە ناوچەكەدا، بە مەبەستی بینینی سروشتی هەورامان و لە نزیكەوە ئاشنابوون بە كولتوور و فەرهەنگی دەڤەرەكە.
لە پەراوێزی كۆبوونەوە و دیدارەكەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان خەڵاتی ڕێزلێنانی وەزارەتی بەخشییە دەشتی عومەر، بەرپرسی کولتووری ئەنستیتوتی فەرەنسی لەهەولێر، لەپای کارە بەردەوامەکانی بۆ خزمەتی کولتووری کوردستان لەئەنستیتوتی فەرەنسی.