Skip to the content

وه‌زيرى ڕۆشنبيرى و لاوان: چارەسەری یاسایی بۆ کێشەکانی سۆشیالمیدیا پێویستە لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی مرۆڤ و بنەماکانی مافی مرۆڤ داڕێژرابێت

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ 25ى تشرينى دووه‌مى 2024، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری "سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە" لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: دیداری سۆشیالمیدیا، پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە، هەوڵێکی جددی وەزارەتمانە بە ئاراستەی دەستنیشانکردنی گرفت و ناهەموارییەکانی ژینگەی میدیاییمان، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی، کە لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی مرۆڤ و هەموو ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونيی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشان کراون داڕێژرابێت.
دیداری "سۆشیالمیدیا پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە"، دیدارێکی تایبەتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە و بە چاودێری و ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە هەولێری پایتەخت و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیران بەڕێوەچوو و بڕیارە ماوه‌ى دوو ڕۆژ بخايه‌نێت.
لە گوتارەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان گوتیشی: پێویستمان بە دروستکردنی گفتوگۆیەکی زانستی و پیشەیی هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەم دیدارە و چالاکییەکانیدا دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک، کە هەم ئازاديی ڕادەربڕین چەسپاوتر بکات و هەمیش ژینگە میدیاییەکە بە جۆرێک ڕێکبخاتەوە، کە ئازادی و شکۆی مرۆڤ لە ژێر هیچ ناو و پاساوێکدا نەشکێندرێت.

ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ش ده‌قى گوتارەکەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانه‌:

سەرەتا بە بۆنەی 25ـی نۆڤێمبەر، پشتیوانی خۆمان بۆ تێکۆشانی ڕەوای ژنانی کوردستان و ڕێکخراوەکانیان لەپێناو بەدیهێنانی یەکسانی دووپات دەکەینەوە و وەک هەمیشە جەخت لەسەر بەدیهێنانی تەواوی مافەکانیان دەکەینەوە.

بەڕێزان..
دیداری سۆشیالمیدیا، پانتاییەک لە ڕوانگەی یاساییەوە، هەوڵێکی جددی وەزارەتمانە، بە ئاراستەی دەستنیشانکردنی گرفت و ناهەموارییەکانی ژینگەی میدیاییمان، لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی یاسایی، کە لەسەر بنەمای پاراستنی شکۆی مرۆڤ و هەموو ئەو مافانەی لە جاڕنامەی گەردوونيی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا دەستنیشان کراون داڕێژرابێت،کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە ئاسایشی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و شیرازەی پێکەوەژیانی کۆمەڵگەکەمان هەیە.

بواری میدیا بە گشتیی و سۆشیالمیدیا بە تایبەت، بەدەر نیە لە خەوش و کەموکوڕی، شارەزایانی بوارەکە، مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی ئایینی و تەنانەت چالاکوانان و لە ناویشیاندا چالاکوانانی ژن و بەکارهێنەرانی ئاسایيی سۆشیالمیدیاش ڕۆژانە لێرە و لەوێ هەر چەوتییەک دەبینن، پرسیاری گەورەیان لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتيی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لەو بوارەدا بۆ دروست دەبێت.

بەڕێزان..
لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، بەهۆی ناسراوی (IP) ئای پی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان، هەروەها بەهۆی تۆمارکردنی وردی خاوەندارێتيی سیم کارت و هێڵەکانی ئینتەرنێتەوە، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناتوانن لە ژێر ناوی وەهمی و ئەکاونتی نەناسراو و ساختەدا ناسنامەی خۆیان بشارنەوە، تاوان بەرانبەر بە مافی تاک و گشتی بکەن، بەڵام بەداخەوە، هیچ کام لەم ڕێکارانە لە وڵاتی ئێمە دەستەبەر نین، ئەمەش کێشەکەی ئاڵۆز کردووە.

لە هەرێمی کوردستان یاسای کاری ڕۆژنامەگەری، ژمارە 35ی ساڵی 2007، بەرکارە، ئەگەرچی یاسایەکی بێوێنەیە لە ناوچەکەدا، بەرکارە، بەڵام تایبەتە بە چاپەمەنی، لە پاڵ ئەویشدا یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، لە هەندێک دۆسیەی یاسایيی پەیوەست بە بڵاوکردنەوە لە سۆشیالمیدیادا کاری پێ دەکرێت، بەشێکی زۆریش لە دۆسییەکان بە پشتبەستن بە دەقەکانی یاسای ژمارە 111ی ساڵی 1969ی یاسای سزادانی عێراقی لە دادگا یەکلا دەکرێنەوە، ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەیە ئێمە یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی ژینگەی میدیایيی تایبەت بە سۆشیالمیدیامان نیە.

بۆ ئەم بۆشاییە یاساییە، پێویستمان بەدروستکردنی گفتوگۆیەکی زانستی و پیشەیی هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگەی چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەم دیدارە و چالاکییەکانیدا دەمانەوێت بگەینە ئەنجامێک، کە هەم ئازاديی ڕادەربڕین چەسپاوتر بکات و هەمیش ژینگە میدیاییەکە بە جۆرێک ڕێکبخاتەوە، کە ئازادی و شکۆی مرۆڤ لە ژێر هیچ ناو و پاساوێکدا نەشکێندرێت.
هیوادارم ئەم دیدارە ببێتە دەروازیەکی گرنگ بۆ کردنەوەی دەرگه‌ی گفتوگۆ و بەشداریکردنی هەموو لایەک لە گەڵا‌ڵەکردنی ڕوانگەیەکی نیشتمانی بۆ خزمەتی ژینگەی میدیاییمان.