Skip to the content

حەڤدەهەمین پێشانگەی نێودەوڵەتيی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە

ڕۆژی چوارشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەت، پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە گوتارێکدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانان ڕایگەیاند؛ پێشانگەی ئەمساڵ بە دروشمی "جیهان بە کوردی دەدوێت" هاوکاتە لەگەڵ یادی سەرکەوتنی خەباتی کورد و گەلانی عێراق بەسەر ڕژێمی بەعسدا، کە هیچ ڕێگەیەک نەما تاقی نەکاتەوە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردبوون و کولتوور و فەرهەنگی کوردی، بەڵام خۆشبەختانە کورد لە بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی نزیک دەبێتەوە، دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوە و قەدەغەی زمان لەبەردەم وزە و تینی مانەوە و تێکۆشانی ڕەوای کورددا بێ ئاکام بوون.
گوتیشی: کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیریی کوردستان، بووەتە کولتووری ڕوو لە گەشەی ئێمە. ساڵانە ئەم پێشانگەیە دەبێتە وێستگەیەکی گرنگی کۆبوونەوەی خوێنەران و نووسەران بە دەوری یەکدا و بازنەیەکی پڕ بایەخی تێکئاڵاوی کولتوور و فەرهەنگە جیاوازەکان لەگەڵ یەکتر پێکدەهێنێت.