Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سەردانی نووسەر و کەسایەتیی ڕۆشنبیر مومتاز حەیدەریی کرد

حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی هەریەک لە ئاریان سەڵاحەدین، بریکاری وەزارەت و چنوور نامیق، ڕاوێژکاری وەزارەت و خەلیل عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، سەردانی نووسەر و کەسایەتیی ڕۆشنبیری ناسراو مومتاز حەیدەریی کرد.
لە بەسەرکردنەوەکەدا، وێرای هەواڵ پرسین، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی هەوڵ و کۆششی مومتاز حەیدەریی، بۆ خزمەتی کایەی ڕۆشنبیریی کوردستان بە گشتیی و کتێبخانەی کوردی بە تایبەت کرد. ئاماژەی بەوە کرد، بنەماڵەی حەیدەری، زیاتر لە سەدەیەکە دەیان کەسایەتیی گەورە و ناوداری ئایینی و سیاسی و ڕۆشنبیرییان تێدا هەڵکەوتووە و خزمەتێکی گەورە و گرنگیان بە گەل و نیشتمان کردووە.

هەروەها گوتی: "مامۆستا مومتاز حەیدەری، بەیاخ هەڵگری ئەو بنەماڵە نیشتمانپەروەرەی کوردستانە و جێپەنجەی بە بوارەکانی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری کوردییەوە دیار و بەرچاون".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، حەمەی حەمە سەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانیی وەزارەتی بۆ خزمەت و پرۆژە ڕۆشنبیرییەکانی مومتاز حەیدەری، دووپات کردەوە و هیوای تەندروستیی باش و بەردەوامی بۆ خواست و چەپکە گوڵی ڕێز و ئەمەکداریی پێشکەش کرد.
لە بەرامبەردا، مومتاز حەیدەری، سوپاسی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و بریکاری وەزارەت و شاندەکەی بۆ بەسەرکردنەوەی کرد.
لەو چوارچێوەیەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و شاندی یاوەری بەشەکانی کتێبخانەی حەیدەرییان بەسەر کردەوە؛ کە زیاتر لە ٢٠ هەزار ناونیشانی کتێب بە زمانی جیاجیا لەخۆ دەگرێت و بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی توێژەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان و ناوچەکە.