Skip to the content

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی "جینۆسایدی کورد و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیا" لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت

بڕیارە ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، بە چاودێریی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا، لە سلێمانی بەڕێوە دەچێت.

نامیق هەورامی، وتەبێژی کۆنفرانسه‌كه‌، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "کۆنفرانسەکە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا ٢٨ توێژینەوەی زانستيی لەبارەی جینۆسایدی کوردەوە، لەلایەن پسپۆڕ و شارەزایانەوە پێشکەش دەکرێن؛ کە پێشتر لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی بوارەکەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە و پەسند کراون. بەخۆشحاڵییەوە توێژینەوەکان جگە لە توێژەرانی کورد، لە حەوت وڵاتی دیکە بەشدارن، کە جگە لە زمانی کوردی، توێژینەوەکان بەشێکیان بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و تورکی پێشکەش دەکرێن".

ناوبراو گوتیشی: "خاڵێکی گرنگی کۆنفرانسەکە، بریتییە لە چاپکردنی سەرجەم توێژینەوەکان لە دووتوێی کتێبێک، کە لە ڕۆژانی کۆنفرانس بەسەر بەشداربوواندا دابەش دەکرێت. هەروەها زیاتر لە ٦٠ میوان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بانگهێشت کراون، کە سەرجەمیان شارەزاییان لە بواری جینۆساید هەیە.
ڕوونیشی کردەوە، لە کۆتاییی کۆنفرانسەکەدا، چوار خەڵاتی ئاڵتوونی دەبەخشرێت بە چوار کەسایەتیی کوردی و جیهانی، کە ڕۆڵیان لە ناساندن و داکۆکیکردن لەو جینۆسایدانەی به‌رانبه‌ر بە کورد کراون، هەبووە.

جێی ئاماژەیە، یەکەمین کۆنفرانسی زانستیی جینۆسایدی کورد، ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوە چوو؛ جیاوازییەکەی لەگەڵ کۆنفرانسی ئەمساڵ ئەوەیە، کە کۆنفرانسی ئەمساڵ نێودەوڵەتییە و لە حەوت وڵاتی جیهانەوە بەشداری دەکەن و لە کۆتايیی کۆنفرانسیش کۆمەڵێک پێشنیاز و ڕاسپاردە ئامادە دەکرێن.