Skip to the content

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا بەڕێوە چوو

دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا بە چاودێریی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، ڕۆژانی ٢٥ و ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، بە بەشداری ٤٠ توێژەر لە ناوخۆ و ٧ وڵاتی جیهانەوە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراوی بواری داکۆکی لە پرسی جینۆسایدی کورد لە جیهاندا، بەڕێوە چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا ٢٨ توێژینەوەی زانستیی بەشدار بوون و لە توێی حەفت پانێلدا پێشکەشکران؛ دواتر پانێلێکی کراوە بۆ ژمارەیەک میوانی کۆنفرانس بۆ ئەوەی بۆچوون و دیدگای خۆیان سەبارەت بە ناساندنی پرسی جینۆسایدی کورد بخەنەڕوو تەرخان کرا.

کۆنفرانسەکە یەکێکە لە دەستپێشخەرییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بۆ بایەخدان بە ڕەوتی توێژینەوەی زانستیی سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی جینۆسایدی کورد لە ئەدەب، هونەر و میدیادا.

ڕۆژی یەکەم – ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانس

ڕۆژی دووشەممە (٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥)، بە ئامادەبوون و چاودێریی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، لە میوانخانەی هایکرێست، دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب، هونەر و میدیادا دەستی بەکارەکانی کرد.

لە سەرەتادا کۆنفرانسەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەنفالکراو و جینۆسایدکراوانی کوردستان بەڕێوە چوو.
دواتر، دەلیل جەمال، بەڕێوبەری نووسینگەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و سەرپەرشتیاری کۆنفرانس وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.
لە وتەکەیدا، دەلیل جەمال، باسی لە هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئامادەکاریی کۆنفرانس کرد و سوپاسی سەرجەم ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کرد، کە پشتیوانی سەرخستنی کۆنفرانسیان کردووە.

پاشان حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتاری وەزارەتی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "دووەمین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی کورد، ڕەنگدانەوەی لە ئەدەب و هونەر و میدیادا، مەڵۆیەکی دیکەی خەرمانی چالاکییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە، کە لە ماوەی کارکردنماندا لە وەزارەت بە هەوڵ و کۆششی دەستە و ستافێکی لە خۆبردوو، توانرا ئامادەکارییەکی شایستەی بۆ بکرێت و بەڕێوەببرێت"
وتیشی: "ئەو بەرهەمانەی توێژینەوەیان لە بارەوە کراوە، بەشێکن لە سامانی ڕۆشنبیریی کتێبخانە و ناوەندە میدیایی و ئەکادیمییەکانی کوردستان. خوێندنەوەی ئەکادیمی و شرۆڤەکردنی زانستیانەیان، ڕێ ڕۆشنکەرەوە دەبن بۆ داهێنانی پتر و دەوڵەمەندکردنی زۆرتری کایەی ڕۆشنبیری و کولتووری کۆمەڵگەی کوردستان".
هەروەها گوتی: "یەکەم کۆنفرانس لە ڕۆژانی (١١- ١٢ـی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠٢٣) بەڕێوە چوو، بە گوێرەی پلانی وەزارەت، بڕیار بوو، دووەمین کۆنفرانس لە هەمان وادەی ساڵی ٢٠٢٤بەڕێوەبچێت، بەڵام بەداخەوە گرفتی دارایی بواری نەدا، کۆنفرانسەکە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بەردەوام بووین تا سەرەنجام، بە هەوڵ و پشتیوانیی هەموو لایەک توانرا کۆنفرانسی دووەم ساز بکرێت".
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان جەختیکردەوە، "لە دەستپێکی کارکردنمان لە وەزارەتدا، بە دیدی بایەخەوە ڕوانیومانە بۆ ڕەنگدانەوەی پرسی جینۆساید، ئەنفال و کیمیابارانی گەلی کوردستان لە ئەدەب و هونەر و میدیادا".
وتیشی: "لەو میانەیەدا ئێمە، پشتیوانێکی بەهێزی هەموو ئەو قەڵەم و دەنگانە بووین، کە خزمەتیان بە دۆسییەکانی جینۆساید کردووە، بە تایبەتی توێژەرانی ئەکادیمی و نووسەر و ڕۆشنبیرانی گەلەکەمان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات".
باسی لەوەشکرد، "جینۆسایدی ئێزدییەکان لە (٣ـی ئابی ٢٠١٤) لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە، زەنگێکی مەترسیدار بوو، هەموومانی ڕاچڵەکاند، چونکە ئەو ڕاستییەی سەلماند، کە جینۆساید وەک تاوانێک، هەمیشە مەترسییەکانی لە بەردەرگا دان، بۆیە پێویستە بەو پەڕی هۆشیاری و هەستیارییەوە کار بکرێت بۆ ڕێگرتن لە هەر جۆرە ڕەخسانێکی زەمینەی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی لە کات و شوێنی جیاوازدا".

هەر لە میانی پڕۆگرامی کۆنفرانس لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی کۆنفرانسدا، پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا پشتیوانی بۆ سەرکەوتنی کۆنفرانسەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: "وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هەڵبژاردنەکەی درووست بووە، کە سلێمانی هەڵبژاردووە بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە، چونکە لە کۆی هەشت قۆناغی ئەنفال، حەوتیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی کراون و سنوورەکە ڕووبەڕووی ڕاگواستن و کیمیاباران بووەتەوە و ڕژێمی بەعس نەک تەنیا جینۆسایدی خەڵکی سنوورەکەی کرد، بەڵکو جینۆسایدی سەرخان و ژێرخانی ناوچەکەی کرد".

دواتر، د. ئامانج سەعید، ڕاوێژکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە نوێنەرایەتیی وەزارەت، وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی کارەکانی کۆنفرانس دووپاتکردەوە و هیوای خواست پەرە بە پڕۆژە زانستییەکان بدرێت لە پێناو ناساندنی دۆسییەکانی جینۆسایدی کورد.
پاشان، کەسایەتی ڕۆشنبیری کورد، د. محەممەد عەلی سوڵتانی، وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا باسی لە گرنگی بەکارهێنانی ئامراز و تەکنۆلۆژیای نوێ بۆ ناساندنی پرسەکانی جینۆسایدی کورد کرد.
دواتر، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لە ئامادە و بەرهەمهێنانی (محەممەد عەبدوڵڵا - ئاکام) نمایشکرا و تیپی میوزیکی گەرمیان، بەرهەمێکی میوزیکیان پێشکەش کرد.
دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنفرانس، دەستکرا بە بەڕێوەچوونی پانێلەکان، کە بە گشتیی 7 پانێلی زانستیی و پانێلێکی کراوە پێشکەشکران.

کارنامەی پانێلەکان
پانێلی یەکەم: تایبەت بە ئەدەب
بەڕێوبەری پانێل: دیمەن عەبدوڵڵا
پانێلیستەکان:
1. پ.ی. د. سروشت جەوهەر حەوێز
(ڕەنگدانەوەی جینۆسایدی ئەنفال لە ڕۆمانی مەملەکەتی دڕکاوی جومعەکانی لەلەیی)دا.
2. د. پەرێشان خالید سابر:
(ڕەنگدانەوەی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ڕۆمانی مازیاری شنگالی نەبەز گۆراندا).
پێشکەشکردنی: د. ئەڤین ئاسۆس حەمە.
3. د. سوزان برایم حەمید
(کاریگەریی جینۆساید لەسەر ژیانی تاقانەکانی ئەنفال لە ڕۆمانی خەمی مەستوورەی میران ئەبراهام).
4. سەید ساجد حوسێنی
(بازنمایی نسل کشی کوردها در رمان نفس تنگی از فرهاد گوران).
پانێلی دووەم: ئەدەب
بەڕێوبەری پانێل: مزگین عەبدولخالق موسا
پانێلیستەکان:
1. پ. ی. د. ناز ئەحمەد سەعید
(لێکەوتەکانی جینۆساید و ئەنفال لە شیعرەکانی نەزەند بەگیخانی و کەژاڵ ئەحمەد) دا.
2. م. ی. نێچیروان جاسم وەلی
(کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە جینۆسایدەوە بۆ مەزراندنی لە شیعری هەندێک شاعیری هاوچەرخی کورددا).
3. م. عادل محەممەد پوور
(دێرینە دەقەکە و هورمزگانی و پۆلێو ڕەوایەتێ جیاوازێ و هورسەنگنایێوی شێوازشناسانە).
4. گۆریان هەڵەبجەیی
(کۆ مەرگی هەڵەبجە و کۆتەڵی شیعر، ڕوانینێکی بەراوردکاریانەیە لە نێوان چەند دەقێکی شیعریدا).
پانێلی سێیەم:
بەڕێوەبەری پانێل: د. سارا زەید مەحموود پانێلیستەکان:
1. د.هەژار فەقێ سلێمان حسێن
(ستراتیژەکانی گێڕانەوە لە ئەدەبی جینۆسایددا ڕۆمانی (بەهاری ڕەش)ی (ئەحمەد محەممەد ئیسماعیل) بە نموونە)
2. م. شمال خمو خزر
(ڕۆلێ ڕۆمانێ د دیکیۆمێنتکرنا جینۆسایدێن ئێزدییاندا ڕۆمانا (کۆچۆ) یا (حەسەن ئیبراهیم) وەک نموونە)
3- ئيسماعيل سلێمان هاجانی
(رەنگڤەدانا جینۆسایدێ درومانا (بارزان دگری) دا)
٤- عەبدولڕەحمان بامەڕنی
(مەزراندنا -توظيف- جينۆسايدەكا ئێزدییان دكارەكێ ئەدەبیدا).
پانێلی چوارەم: هونەر
بەڕێوەبەری پانێل: د. کەژاڵ فیداکار
پانێلیستەکان:
1. م. د. هێمن نەسرەدین محەممەد ئەمین
(ڕۆڵی هونەر لە ناساندن و زیندوو هێشتنەوەی جینۆسایدی گەلی کوردستان - ئیدارەی گەرمیان بە نموونە-)
2. سەرکەوت بورهان
(ڕۆڵی گۆرانى و میوزیک لە وێناکردنى کۆمەڵکوژییەکانى گەلی کورد)
3. هۆمەر محەممەد
(هێزی وێنە لە ناساندنی تاوانی جینۆسایددا ڕەنگدانەوەی تاوانی ئەنفال لە فیلمی هەزار و یەک سێودا بە نموونە)
4. گەزیزە عومەر عەلی
جەنگ و لێکەوتەکانی، لە دەقی شانۆنامەدا، شانۆنامەی: هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە؛ بەنموونە
ڕۆژی دووەم:
پانێلی پێنجەم: بەڕێوەبەری پانێل: زینە عەبدی
پانێلیستەکان:
1- Narek Poghosyan, PhD
The Legacy of Trauma: A Comparative Analysis of the Memory of Armenian Genocide and Anfal.
2. عەدنان ناسری
(نواندنەوەی جینۆسایدی باشووری کورستان لە دەقی گۆرانیدا - گۆرانیبێژانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە نموونە)
3. م. ی کەریمۆک غەفور
(ڕۆڵی بەڵگەکان و هێزی فیلم لە گێڕانەوەی جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا)
4. م. عەبدوڵڵا حەسەن قادر
ڕەنگدانەوەی ئەنفال لە هەوا جیاوازەکانی سۆز و هۆرەدا لە گەرمیان.
پانێلی شەشەم:
بەڕێوەبەری پانێل: ستران ژیان
پانێلیستەکان:
1. پ.ی.د. ژیلوان تاهر باپیر
(ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جینۆسایدی بارزانییه‌كان له‌ میدیا و شانۆدا)
2. م. ی. ئەرسەلان ڕەحمان
(ڕەنگدانەوەی گوتاری ڕق‌وكینە بەرامبەر بە ئێزدییەکان لە سۆشیالمیدیادا)
3. Nihat Gültekin
JENOSÎDA GELÎYÊ ZÎLAN DI ZARGOTINA DENGBÊJÎYA KURDÎ DE Û DENGVEDANA WÊ YA DI MEDYA TIRKÎYÊ DE
4- د. ئەرکان رەئوف عەزیز
(ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆشیارکردنەوەی گەنجان سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی گەلی کوردستان)
پانێلی حەوتەم:
بەڕێوەبەری پانێل: عەواتف مەحجووب
پانێلیستەکان:
1. د. رائد عبيس
(ابادة الشعب الكوردي في تقارير الامم المتحدة بين المنهج الاعلامي و التوثيقي)
2. دكتورة مرفت عبد الحميد علي محمد
(سيمولوجية الصورة الإعلامية الكوردية ودورها في خدمة قضايا الإبادة الجماعية: دراسة حالة على الموقع الالكتروني Puk media)
3. د. سعد سلوم
(ابادة الشعب الكوردستاني وآثارها في الأدب والفن والإعلام)
4. أ.د. جوان عبد القادر عبدالله
(المكان في رواية "به هارى ره ش" لأحمد محمد إسماعيل)
پانێلی هەشتەم: پانێلی کراوە
1. د. دەریا ژیکلۆسکایا – ڕوسیا.
2. خاتوون ساندین ترادیان – فەرەنسا.
3. تیتاڵی کەرەم، بەڕێوبەری بەشی کوردی ڕادیۆی نیشتمانی ئەرمینیا.
ڕێوڕەسمی کۆتاییی کۆنفرانس
لە ڕێوڕەسمی کۆتاییی کۆنفرانسدا، خەڵاتی زێڕینی کۆنفرانس پێشکەش بە چوار کەسایەتی کرا، کەسایەتییەکان بریتی بوون لە:
1. د. مەحمود زاید، نووسەر و لێکۆڵەری میسری، کە بەشێکی زۆری ژیانی تەرخانکردووە بۆ خزمەتی ناساندنی پرسی جینۆسایدی کورد و چەندین پەرتووکی لە بارەی ئەنفال و جینۆسایدی کورد و شۆڕشەکانی کوردستان چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
2. ئیمان عەبدوڵڵا عەباس: یەکێکە لەو کچە کوردە ئێزدییانەی لە ٢٠١٤ لە تەمەنی منداڵیدا لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ڕفێندرابوو و دوای ڕزگاربوونی لە میدیادا کار بۆ ناساندنی پرسی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دەکات.
3. ئەکبەر موحسنی ئیژیە: لە کاتی تاوانی کیمیاییبارانکردنی شاری هەڵەبجەدا وەک وێنەگرێک سەدان وێنەی قوربانیانی تاوانەکەی گرتووە.
4. سەربەست ئەحمەد: لە ماوەی ژیانیدا دەیان کاری هونەری شانۆ و دراما و کورتە فیلمی سەبارەت بە تاوانی ئەنفال و جینۆسایدکردنی کورد بەرهەمهێناوە.
هەروەها لە بڕگەیەکی دیکەدا، خەڵاتی شانازیی کۆنفرانس لە لایەن حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشکەش بە کەسایەتیی ڕۆشنبیری کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، د. محەممەد عەلی سوڵتانی کرا.
بڕگەیەکی دیکەی کۆنفرانس تەرخانکرابوو بۆ بەخشینی خەڵات و سوپاسنامەی کۆنفرانس بە هەریەک لە لیژنەی هەڵسەنگێنەرانی زانستی و سەرجەم توێژەرانی بەشداربوو.
لە کۆتاییدا، وێڕای چرکاندنی وێنەی یادگاریی ستاف و لیژنەکانی کۆنفرانس، دەلیل جەمال، سەرپەرشتیاری کۆنفرانس لە وتەیەکدا سوپاسی ئامادەبووان و بەشداربووانی کۆنفرانس و هەموو ئەو لایەنانەی کرد، کە هاوکاربوون لە سەرخستنی کۆنفرانسەکە بە تایبەت هەریەک لە:
* نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پای دابینکردنی خەڵاتی زێڕینی کۆنفرانس.
* وەزارەتی ناوخۆ.
* وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
* فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
* نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە.
* پرۆتۆکۆلی ئەنجومەنی وەزیران.
* زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
* کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕووماڵی چالاکییەکانیان کرد.
* سەرجەم ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگێنەرانی زانستی و توێژەران.
* لیژنەکانی ڕاپەڕاندنی چالاکییەکانی کۆنفرانس.