Skip to the content

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کتێبخانەی عەزیز گەردی بە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا دەخرێتە خزمەتی گشتییەوە

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەستنووس، کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستا عەزیز گەردی کڕییەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، بخرێتە خزمەتی سوودی گشتی و دەستنووسەکانی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

کتێبخانە و ئەرشیڤی مامۆستای کۆچکردو، بە گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی سەرچاوە و ناونیشانی دەگمەن و مێژوویی هەژمار دەکرێت، بەهایەکی گرنگی هەیە بۆ کایەی ڕۆشنبیری و مێژووی بزاوتی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی.

دوێنێ سێشەممە ١٩ـی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی، وردەکاریی پرۆسەی گفتوگۆ و دیدارەکانی شاندی وەزارەتی لەگەڵ میراتگرانی کۆچکردوو د. عەزیز گەردی خستەڕوو و ڕایگەیاندبوو؛ لە هەوڵەکانی بەردەوامە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتیی کتێبخانە و دەستنووسەکانی مامۆستای کۆچکردوو لە چوارچێوەیەکی یاساییدا.

بۆ ئەو مەبەستە وەزارەت لیژنەیەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ میراتگرەکان پێکهێنابوو.

دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار، وەزارەت سەرجەم کتێبخانە و ئەرشیڤ و دەستنووسەکانی کڕییەوە.

بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەو ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندە، کە زیاتر لە هەژدە هەزار سەرچاوە و ناونیشانی جیا لەخۆ دەگرێت، بخرێتە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی، کتێبخانەیەکی تایبەتیان بە ناوی "کتێبخانەی د. عەزیز گەردی" بۆ بکرێتەوە، هەروەها دەستنووسەکانیش چاپ و بڵاو بکرێنەوە.