Skip to the content

بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان دوازدەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆک دەستی پێکرد

بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، دوازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆک دەستی بەکارەکانی کرد.

لە وتاری کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، بریکاری وەزارەت وێڕای دەستخۆشی بۆ سەرخستنی هەوڵ و کارەکانی فێستیڤاڵەکە، پێزانینی خۆی ئاراستەی ستافی فێستیڤاڵەکە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی دهۆک کرد و ڕایگەیاند، "هەموو ساڵێک لە خۆبردووانە کاردەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی باشتر پێشکەش بکەن".
وتیشی: "وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی ئەم ڕووداوە گرنگەی بواری هونەر لە شاری دهۆک و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیکردنی سەرجەم ئەو چالاکییە کولتووری، هونەری، ڕۆشنبیری و وەرزشیانەی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان ڕێکدەخرێن و ئەرکی ئێمەیە هاوکار و پشتیوانیان بین".

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئاریان سەلاحەدین، ڕوونیکردەوە، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانێکی گەورە و بەهێزی پێشخستنی ڕەوتی هونەر و وەرزش و ڕۆشنبیری بووە لە هەرێمی کوردستان و زۆر بەگرنگییەوە ڕوانیویەتی بۆ بوارەکانی هونەر، کولتوور، ئەدەب و ڕۆشنبیری، وەرزش و لاوان و ئەو بوارانە هەمیشە جێی بایەخی تایبەتیی سەرۆک وەزیران بوونە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بریکاری وەزارەت ئاماژەی بەوەدا، هەموو ساڵێک ڕێکخستنی وەها فێستیڤاڵێک بێ ئاستەنگ نیە، ئاشکراشی کرد، پشتیوانییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی بوونە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و ڕێکخستنی ئەو چالاکییە گرنگانەی کە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشکەوتنی زیاتر و کرانەوە و فرە ڕەنگی کولتووریمان دەبەن.