ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لهسهر لێخۆشبوونی نيوهى قەرزی سەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دهربڕى
لەسەر داوای وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سەرۆکایەتيی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50)ی سەر قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن.
بە واژۆی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی ژمارە (1683)ی ڕۆژی (28/5/2025) وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان داواکاريی لێخۆشبوون لە بڕێکی قەرزی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بەرز کردەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
لە نووسراوەکەی وەزارەتدا هاتبوو: "بە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزی میدیای بینرا و بیستراوەکان لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە داراییەی کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە و کەمبوونەوە و نەمانی ئەو داهاتەی کە میدیا بینرا و بیستراوەکان پێشتر بەدەستیان دەهێنا لە ڕێگەی ڕێکلام، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ئێستا زیاتر لە ڕێگەی سۆشیالمیدیاوە ڕێکلام بۆ کاڵاکان دەکرێت، هەروەها لەسەر داوای زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەکان داواکارین ڕەزامەندی بفەرموون لەسەر لێخۆشبوون بە ڕێژەی (٪50)ى قەرزەکان".
بەگوێرەى داتاکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان زیاتر لە 300 کەناڵی ڕاگەیاندنی بینراو و بیستراو تۆمار کراون، لەو ژمارەیە نزيكهى 75%ى كهناڵهكان قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا، شێروان عەوڵا، بەڕێوبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە، وردەکاريی بڕیارەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: وەزارەت لەپێناو بەرژەوەنديی گشتی و هاوکاریکردنی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئەو داواکارییەی بەرز کردووەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
ئاشکراشیکرد، لە کۆی 176 کەناڵی بیستراو، 132 کەناڵ قەرزارن و لە کۆی 126 کەناڵی بینراو 94 کەناڵیان قەرزارن، واتە لە کۆی 302 کەناڵ، 226 کەناڵیان قەرزارن. و وتیشی: داوایان لێدەکەین، لە ماوەی مانگێکدا قەرزەکەیان بگێڕنەوە بۆ گەنجینەی گشتی، بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە بیانگرێتەوە و نیوەی ئەو قەرزە بخرێتە بەر لێخۆشبوونەوە، بە پێچەوانەوە، دواتر سزای دواکەوتن دەکەوێتە سەر قەرزەکانیان.