ساڵی داهاتوو دووەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێداویستیی وەرزشی لە هەولێر دەکرێتەوە
ڕۆژی چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی سەردار ئیسماعیل، بەڕێوبەری گشتیی وەرزش، پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیای "المعارض"ی وەرزشی کرد.
شاندەکە پێکهاتبوو لە هەریەک لە ڕەیان ئەنتۆن بەهنان و کیان مۆتامیدی و مەسعوود کەرەمی، بە مەبەستی هەماهەنگی لە بواری کردنەوەی پێشانگەی تایبەت بە پێداویستییە وەرزشییەکان سەردانی دیوانی وەزارەتیان کرد.
لە دیدارێکدا، پرسی هەماهەنگیی بۆ کردنەوەی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێداویستییە وەرزشییەکان، تەواوکارە خۆراکییەکانی پێویست بۆ بواری وەرزش، نمایشکردنی یارییە وەرزشییەکان و پاڵەوانێتییەکان تاووتوێ کرا.
هەروەها تاووتوێی فراوانکردنی بیرۆکەی پێشانگەکە و ئامادەکارییەکان بۆ کردنەوەی دووەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێداویستیی وەرزشی کرا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بە چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە ڕێگەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی وەرزشی سەر بە وەزارەت بکرێتەوە.
پێشانگەی "المعارض" لە (4ـی تشرینی دووەمی 2025) لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، یەکەم پێشانگەی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پێداویستییە وەرزشییەکان و تەواوکارە خۆراکییەکانی پێویست بۆ بواری وەرزشییان کردەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، بریکاری وەزارەت ئامادەیی و پشتیوانیی وەزارەتی بۆ سەرخستنی چالاکییەکانی ئەو پێشانگە نێودەوڵەتییە بۆ ساڵی داهاتوو دەربڕی و هیوای خواست بە کاروچالاکیی زیاتر و نمایشکردنی بەرهەمی زۆرتر، پێشانگەکە ساڵ لە دوای ساڵ پێشکەوتنی زیاتر بە خۆوە ببینێت و بەردەوام بێت.