Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بنیات دەنێینەوە

ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و تەکیە و سنووری پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند، بە هۆی لافاوەکە زیانی زۆر بەر بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ کەوتووە.

بە هۆی هەڵسانی لافاو، بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری چەمچەماڵ و کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری کتێبەکانی کتێبخانەکە، تەڕ بوون و کەوتوونەتە ژێر لیتەی لافاوەکە و هۆڵەکانی خوێندنەوە زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتووە.

لەو بارەیەوە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە پەیامێکدا، ڕایگەیاند، هەوڵی جددی دەدەین و کار بۆ ئەوە دەکەین بە زووترین کات، کتێبخانەکە نۆژەن بکرێتەوە و پێداویستییەکانی دابین بکرێنەوە.