کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتى ڕۆشنبيرى و لاوان بەڕێوەچوو
ڕۆژی سێشەمە ١٦ى كانوونى يهكهمى ٢٠٢٥، بە سەرپەرشتيی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و به ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان هاوخەميی وەزارەتی بۆ کەسوکاری قوربانیيانی لافاوەکەی چەمچەماڵ و کەرکووک دەربڕی و هیوای خواست ئەمە دواناخۆشی بنەماڵەکانیان بێت و دووپاتی کردەوە وەزارەت هاوخەمی هەموو ئەو هاووڵاتیيانەیە بەهۆی لافاوەکەوه زیانیان بەرکەوتووە.
هەروەها لە بارەی ئەو زیانانەی بەر بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری چەمچەماڵ و کتێبخانەی گشتیی شارەکە کەوتوون، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕوونی کردەوە کە: لیژنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی زیان و خەمڵاندنی هەموو ئەو زیانانەن بەر دامەزراوەکان کەوتوون.
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، حەمەی حەمەسەعید، سوپاس و ستایشی هەڵوێست و دەستپێشخەريی ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەرانی کرد بۆ کۆکردنەوەی کتێب و ئاوەدانکردنەوەی ڕەفەکانی کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ و سوپاسی هەموو ئەو خێرخواز، سەرمایەدار، بازرگان و کەسانەی کرد، کە لە هەڵمەتەکانی کۆکردنەوەی هاوکاریدا بەشداریيان کردووە و کۆمەکی خەڵکی زیانبەرکەوتوویان کردووە.
دواتر، پرسی کولتووری و یەکخستنی داڕشتەیەکی هەمەلایەن بۆ ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتی کولتووری لە کوردستان تاووتوێ کرا و گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردەکانی یەکەمین دیداری زانستیی تایبەت بە کولتوور کرا، کە لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی "کولتوور وەک فریادڕەس" بەڕێوەچوو و دواتر ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کرابوون.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی هەمەلایەن لە بارەی پرسی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی پرۆژەی سیاسەتی کولتووری کرا و بڕیار و ڕێکاری پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە پەسهند کران.