Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە کونسولی ئەرمینیا کرد

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازى له‌ کونسولی کاربەڕێکاری ئەرمینیا دەکات

ڕۆژى یەکشەممە ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی نامق هەورامی، بەڕێوبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەت، پێشوازی لە ئەندرانیک هاروتونیان، کونسولی کاربەڕێکاری ئەرمینیا کرد، كه‌ به‌ مه‌به‌ستى ماڵاواييكردن و كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى ديوانى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبيرى و لاوانى كردبوو.
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ستایشی ئەرک و ڕۆڵی (هاروتونیان)ـی لە برەودان بە پەیوەنديی کولتووری و ڕۆشنبیری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد.
هەروەها چەپکەگوڵی وەزارەتی پێشکەش کرد، لە پای ئەرک و هەوڵەکانی بۆ خزمەتی کولتوور و دروستکردنی پردی پەیوەندیی کولتووری و هونەری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا.
لە بەرانبەردا، کونسولی کاربەڕێکاری کونسولخانەی گشتیی ئەرمینیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان کرد، بۆ هەماهەنگی و هاوکارییەکانی لەپێناو بنیادنانی پەیوەنديی دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئەرمینیا. ئاماژەی بەوەش دا: لە ماوەی زياتر له‌ سێ ساڵ کارکردنی لە هەرێمی کوردستان، هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی بیانیدایە.