وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئیدانەی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە دەکات

ڕۆژی شەممە، ٢٦ی تەممووزی٢٠٢٥، لە بەیاننامەیەکدا، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئیدانەی هەر جۆرە قەدەخەکردنێکی زمانی کوردی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراق دەکات و داوای هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: «وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا دەکات».
هەروەها «وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواکارین لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە».
دەقی بەیاننامەکە
قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە پێچەوانەی دەستوور و یاسایە
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی هەر هەوڵێکی دژ و نەیار بە زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەستگاکانی دەوڵەتدا دەکات.
بەداخەوە، بە بڕیاری ژمارە (٦٤٩٦)، ڕۆژی چوارشەممە، ١٦ی تەممووزی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، کە ئاراستەی زانکۆکانی مووسڵ، کەرکووک و دیالەی کردووە، فەرمانیکردووە، پرسیاری تاقیکردنەوەکان نەکرێنە کوردی.
دەرکردنی ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ماددەی (٤) بڕگەی یەکەمی دەستووری عێراق، زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی، زمانی ڕەسمییە لە دەوڵەتدا.
هەروەها ئەو بڕیارە پێچەوانەی ماددەکان و ناوەڕۆکی یاسای ژمارە (٧)ی ساڵی ٢٠١٤ی تایبەت بە زمانە ڕەسمییەکانی عێراقە، کە لە ژمارە (٤٣١١)، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراق لە شوباتی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە و لە ماددەی سێیەمی یاساکەدا زۆر بە ڕوونی هاتووە، زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی ڕەسمین لە عێراقدا.
وێڕای ئیدانەکردنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، داواکارین لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراق، سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، ئیدانەی هەر جۆرە بڕیارێکی نادەستووری لەو شێوەیە بکەن و بەرپرسانی دەرکردنی ئەو بڕیارە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بکەنەوە.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
٢٦ی تەممووزی ٢٠٢٥