Skip to the content

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێكلامكردن بۆ فۆڕێکس و دراوە دیجیتاڵییەکان قەدەغە دەکات

ڕۆژى یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى سه‌ر به‌ ، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، لە ئاگادارینامەیەکدا، کە ئاراستەی گشت میدیا بینراو و بیستراوەکانی کردووە، داوای کردووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێکلام بۆ ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنيی "فۆڕێکس" و دراوە دیجیتاڵییەکان نەکرێت.
لە نووسراوە فەرمییەکەدا ئاماژە بە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتيی دیوان ژمارە (6640) لە ڕۆژی (27/5/2025) و نووسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، لقی هەولێر ژمارە (29/25) لە ڕۆژی (5/2/2025) کراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "ئاگه‌داری گشت میدیا بینراو و بیستراو و پۆرتاڵ و ڕایەڵە ئەلیکترۆنییەکان دەکەینەوە، لەپێناو بەرژەوەنديی گشتی و پاراستنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتيیان، ڕێکلامکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی ئەلیکترۆنيی (فۆڕێکس) و دراوە دیجیتاڵییەکان قەدەغەیە و بە هيچ شێوەیەک ڕێکلامی بۆ نەکرێت.