وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: نەورۆز هێمای یەکێتیی خاک و گەلەکەمانە

ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٥، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
نەورۆز هێمای یەکێتیی خاک و گەلەکەمانە
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەم، هیوادارم ئەم جەژنە نەتەوەیی و نیشتمانییە، ببێتە سەرەتایەکی تازە بۆ یەکخستنی توانا و کۆششەکانمان لەپێناو داهاتووییەکی باشتر بۆ خەڵکی کوردستان.
لە مێژوودا نەورۆز، جەژنی بەلاوەنانی ناکۆکییەکان و پیشاندانی هێزی مانەوە و ژیانەوە و تێکۆشانمان بووە بە ڕووی ستەم و چەوساندنەوەی سیاسی و کولتووری و فەرهەنگیدا، بە ئەندازەیەک وەک پیرەمێردی شاعیر وێنای کردووە، لەو پێناوەدا "لاوان بە عەشق دەچوون بەرەو پیری مەرگەوە".
لە ساڵنامە دێرینەکانی کوردستاندا، بە تایبەت ساڵنامەی هەورامانیدا، نەورۆز یەکەم مانگی ساڵی تازەیە، هەر بۆیە بەر لە هاتنی و هاوکات لە تەک دەرکەوتنی نیشانەکانی تێکشکانی زوقم و بەستەڵەکی بێبەزەییانەی زستاندا، خەڵکی گوند و ئاواییە دێرینەکانی بەرەبەیانی مێژوو لە هەورامان، جەژن و ئاهەنگی هاتنی نەورۆز دەگێڕن، ئەمەش پەیوەستە بە ساڵنامەی هیتیارییەوە، کە دابینکەری ژیانی خەڵک بووە. هاوکات لەنێو ڕۆژژمێری گەرمەسێری یارساندا، لە دوای چلەی زستانەوە نەورۆزی گەرمەسێریە و لە هەندێ ناوچەی هەوراماندا وەک دێوەزناو، چەشمیثەر، پاڵنگان، مانگێک پێش نەورۆزی باو ئەو گوندانە بەهۆی گەرمەسێرییانەوە نەورۆز پیرۆز دەکەن.
دووبارە پیرۆز بێت جەژنی نەورۆز و بە ئومێدی ئەوەی ئەم جەژنە هاندەری یەکخستنی نێوماڵی خۆمان و سەرەتای توانەوەی بەستەڵەک و چەقبەستووییی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکانمان بێت.
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان