بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ڕێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانەی زەیتوون بەڕێوە چوو
ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان و باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق و هەرێمی کوردستان، باڵەخانە و دەروازەی کتێبخانەی زەیتوون دوای نۆژەنکردنەوە کرایەوە.
لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کتێبخانەکە، هەریەک لە لی جۆن ئیل باڵیۆزی کۆریای باشوور لە بەغدا و سنگچۆڵ لیم باڵیۆزی کۆریای باشوور لە هەولێری پایتەخت، دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ژمارەیەک ڕۆشنبیر و کەسایەتی بەشدار بوون.
لە وتارێکدا، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سوپاسی ئاژانسی کۆیکای نێودەوڵەتیی سەر بە کۆریای باشووری کرد، لە پای نۆژەنکردنەوەی کتێبخانەی زەیتوون و ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانەی هەردوو گەلی کوردستان و کۆریای باشوور کرد.
کتێبخانەی زەیتوون، لە 2008دا، لە لایەن کۆریای باشوورەوە لە پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان وەک دیارییەکی کۆریای باشوور بۆ هەرێمی کوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت دروست کراوە.
کتێبخانەکە لەسەر ڕووبەری چوار هەزار مەتر دووجا دروست کراوە و لە دوو نهۆم پێکدێت و ڕۆژانە لە خزمەتی خوێنەراندایە و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پێشخستن و پەرەپێدانی کولتووری خوێندنەوە و دابینکردنی سەرچاوە بۆ توێژەران.