Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پەیامێک ئاراستەی ڕۆشنبیران و ناوەندە کولتووری و زانستییەکان دەکات

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان

ئەمڕۆ یەکشەممە، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، لە چوارچێوەی کارەکانی دووەم ڕۆژی یەکەم دیداری زانستیی "سیاسەتی کولتووری" کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند؛ وەزارەت چاوەڕوانی کارابوونی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی پرۆژەیاسای سیاسەتی کولتووری لە هەرێمی کوردستان بخاتە بەرنامەی کار و وەک یاسا پەسەندی بکات.

وتیشی پرۆژەکە هێشتا لە قۆناغی داڕشتنەوەدایە و پێویستی بە بۆچوون، شارەزایی، ئەزموون و پێشنیازی دڵسۆزان و خەمخۆرانی سیاسەتی کولتوورییە لە کوردستاندا بۆ ئەوەی کامڵ بکرێت.

لەو بارەیەوە حەمەی حەمەسەعید داوای کرد هەر کەس و ناوەندێکی کولتووری و زانستی، لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، پێشنیاز و بۆچوونێکی هەیە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆژەکە، ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی بکات، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.

وتیشی: لە وەزارەت لیژنەیەکی تایبەتمەند بە داڕشتنی پڕۆژەی سیاسەتی کولتووری لە ئەرکدایە و هەر پێشنیاز و ڕاسپاردە و بۆچوونێک ئاراستەی وەزارەت بکرێت، دەخرێتە بەردەست ئەو لیژنەیە بۆ لەبەرچاوگرتن و جێکردنەوەی لە پرۆژەکەدا.