Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان یادی 156 ساڵەی بە قەزابوونی هەڵەبجە کرایەوە

ڕۆژی دووشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2025، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەڵەبجە ئامادەی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی بە قەزابوونی شارەکەی کرد؛ کە 156 ساڵ لەمەوبەر هەڵەبجە وەک ناوەندێکی ژیاری، بڕیاری بە قەزابوونی دەرکراوە.

ڕێوڕەسم و ئاهەنگی تایبەت بە یادەکە، بە سەرپەرشتیی نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە و بە بەشداریی چەندین گرووپ و تیپی هونەری و وەرزشی و ڕۆشنبیری و کولتووری بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، ژمارەیەک چالاکیی کولتووری و وەرزشی ڕێکخرابوون، لەوانە، کردنەوەی پێشانگەی فۆتۆگرافی و شێوەکاری، پێشکەشکردنی دەقی شانۆیی، ماراسۆن، خوێندنەوەی شیعر،گۆرانی، میوزیک و هەڵپەڕکێی.

کۆی چالاکییەکان بە درووشمی "ئاوڕێک لە ڕابردوو، دیدگایەک بۆ داهاتوو" سازکران و پارێزگاری شارەکە و وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بە جیا لە دەستپێکی چالاکییەکاندا وتاریان پێشکەش کرد.

لە کۆتاییی چالاکییەکاندا، خەڵات پێشکەش بە براوەکانی ماراسۆنی هەڵەبجە و هونەرمەند هۆشیار حەمەفەرەج کرا.