وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان: گەلانی جیهان بە خۆشەویستی و قبوڵکردنی یەکتر دەتوانن کاری مەزن بکەن

حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، پێشوازی لە ماكسیم ڕۆبین، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان باسی لە پەیوەندییە کولتوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیای فیدڕاڵ کرد و جەختی لەوە کردەوە وەزارەت لە هەوڵی پێشخستن و گەشەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانەدایە.
هەروەها پانۆرامایەکی لەبارەی سەردانی پێشووی خۆی بۆ مۆسکۆ و بەسەرکردنەوەی ناوەندە کولتوورییەکانی ڕووسیای فیدڕاڵ خستەڕوو و ئاماژەی بەوە دا؛ لەو سەردانەیدا، پردێکی بەهێزی پەیوەندی و هەماهەنگیی کولتووری لەنێوان هەولێر و مۆسکۆ بنیاد نراوە. ڕوونیشیکردەوە، گەلانی جیهان بە خۆشەویستی و قبوڵکردنی یەکتر و بەلاوەنانی ناکۆکییەکان، لە سایەی ئاشتییدا دەتوانن بەیەکەوە کاری مەزن بکەن و گەشە بە پەیوەندی و دۆستایەتیی زیاتری نێوانیان بدەن.
لەو چوارچێوەیەدا، كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان، ستایشی هەوڵ و کۆششی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی کرد و ڕایگەیاند: ئامانجمانە پەیوەندییە کولتوورییەکان زیاتر گەشەیان پێ بدرێت، سەرەڕای ئەو کارانەی لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی ڕووسیا لەبارەی کوردەوە کراون، پێویستە کاری زیاتر بکرێت بۆ ناساندنی کولتووری کوردی بە شەقامی ڕووسیا و ئەوەش پێویستیی بە کار و چالاکیی هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتر هەیە.