Skip to the content

لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مەراسیمی ناساندنی 19 کتێب بەڕێوەچوو

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٣٠ى ئه‌يلوولى ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕێوڕەسمی ناساندنی ١٩ کتێب بەڕێوەچوو.

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان پێشوازی لێ کرا.

دواتر وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و شاندی یاوەری لە بەڕێوبەرانی بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە و ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی ڕێوڕەسمی ناساندنی ١٩ کتێبی چاپکراوی نوێ بوون، کە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە هاوکاريی وەزارەت چاپکراون.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و میوانانی کرد و ڕایگەیاند: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پشتیوان و هاوکاری نووسەران دەبین و دەستخۆشی لە ستافی بەڕێوبەرایەتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سۆران دەکەین بۆ ئەم دەستپێشخەرییە.

دواتر، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا سوپاسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد بۆ پشتیوانيی بەردەوامیان لە بواری ڕۆشنبیریدا.

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاريی زیاتری بە بەڕێوەبەرایەتيی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سۆران دا و ڕایگەیاند: وەزارەت هەر چی لە توانایدا بێت درێغی ناکات بۆ خزمەتی بوارەکانی ڕۆشنبیری و هونەر. کاریش دەکات بۆ ئەوەی بودجەی چاپکردنی ٥٠ کتێبی دیکە لە سنوورەکە دابین بکات.

دوای نمایشکردنی کتێبەکان و ناساندنیان، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان سوپاسنامە و ڕێزلێنانی تایبەتی وەزارەتی پێشکەش بە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد، لە پای پشتیوانی و هاوکارییەکانی بۆ سەرخستنی پڕۆژەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە بواری کولتووردا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، سوپاسنامەی وەزارەت و ڕێزلێنانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشکەش بە ١٩ نووسەر کرا.