وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پەخشی ئەو کەناڵانە ڕادەگرێت بێڕێزی بە نەتەوەی کورد دەکەن
ئهمڕۆ چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوهبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە نووسراوێکدا، کە ئاراستەی کۆمپانیاکانی پەخشی لە هەرێمی کوردستان کردووە، فەرمانی کردووە بە پێی ڕێنمايیی ژمارە 1ی ساڵی 2014، پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانیان ڕابگرن.
لە نووسراوی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی ژمارە 2725ی ڕێکەوتی 28.1.2026 کە ئاراستەی هەر یەک لە کۆمپانیاکانی پەخش کراوە، هاتووە: ئاماژە بە خاڵی (1) و (3) و (9) لە بڕگەی (3) لە ماددەی (3)ی ڕێنمايیی ژمارە (1)ی ساڵی 2014 (تایبەت بە ڕێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان)، ئاگهدارتان دەکەینەوە پەخشی کەناڵی بیانی و عەرەبییەکان لە ڕایەڵەکانتان ڕابگرن، بە تایبەتی ئەو کەناڵانەی کە لە باری ئێستای کوردستاندا بوونەتە هۆکاری پشێوی و تێکدانی ئاشتەوايیی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بەرانبەر بە نەتەوەی کورد.
هەروەها هاتووە: پەخشکردنی ئەو کەناڵانە پێچەوانەی ماددەی ئاماژەپێکراوی سەرەوەیە، هەروەها پێچەوانەی ماددەی (2)ــه لە هەمان ڕێنمایی، کە تایبەتە بە مۆڵەتدان و دابینکردنی فریکوێنسی، بۆیە پێویستە تەنها بۆ پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان بێت.