وەزیری پەروەردە: بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامى تاقیکردنەوەکان ئامادەکارى جددی و باش کراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- لە پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی ئەمساڵدا، وەزارەتی پەروەردە جگە لەو بەرەنگاریانەی وەك تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای كۆڤید.١٩ و بەرزبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرماو گۆڕانی كەشوهەوا، ڕێكاری نوێی بۆ ئاسانكاری قوتابیان و خوێندكاران و خانەوادەكانیان خستۆتەكار، پڕۆسه‌یه‌ك كە زۆر ڕوونە و بۆ یه‌كه‌مینجارە له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا به‌رجه‌سته دەبێت، تەنانەت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش له چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراودا ئه‌م پڕۆسه‌یه پیاده دە‌كرێت.
ڕۆژی یەكشەممە ٢٥/٧ كاتژمێر٧:٣٠ی به‌یانی، یه‌كه‌م ڕۆژی تاقیكردنه‌وه‌كانی وەزارى سەر بە وەزارەتی پەروەردە بوو، دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانەوە گوتی: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تاقیكردنه‌وه‌كان له كه‌شێكی ئارام و باش به‌ڕێوه ده‌چێت، بەپێی ئه‌و كاردانەوانەی بۆمان دێته‌وه له قه‌زا و ناحیە و شاره‌كان، به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆسەكە له ئاستێكی زۆر باشدایه و جێگه‌ی ڕە‌زامه‌ندی هه‌موو لایه‌كمانه.
ئامادەسازیی پڕۆسەی تاقیكردنەوەكان:
وەزیری پەروەردە لەبارەی ڕێكخستنی پڕۆسەكەوە گوتی: ئێمه له چه‌ند ڕوویه‌كه‌وه ئاماده‌سازیمان كردبوو له‌گه‌ڵ به‌رێز وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری ته‌ندروستی و به‌ڕێزان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی تر له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، به مه‌به‌ستی سازدانی هه‌ماهه‌نگی كۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجام داوە كە هه‌ندێك هۆڵمان هه‌یه پێویستی بە هاوكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی ناوخۆ هەیە، هەروەها وەزارەتی تەندروستی هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن بۆ ڕێنمایی و لایه‌نی ته‌ندروستی، وه‌زاره‌تی گواستنەوە و گەیاندنیش هاوكار دەبن له لایه‌نی پچڕانی هۆیه‌كانی ئەنتەرنێت بۆ ماوه‌ی ٤ كاتژمێر له ٦:٣٠ تا ١٠:٣٠ى به‌یانی، هه‌روه‌ها له ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان له چه‌ند هۆڵێكی ناو زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كردووین.
بەهۆی ئەوەی تاقیكردنەوەكانیش دەكەونە كاتێكەوە پلەكانی گەرما تێیاندا بەرزدەبێتەوە و كارەبا پێویستە بۆ فێنكردنەوەی كەشی ناو هۆڵەكان، ئالان حەمەسەعید، بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی وه‌زیری كاره‌با كرد كە له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای پارێزگاكان كۆ بووەتەوە بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كاره‌بای به‌رده‌وام بۆ هۆڵی تاقیكرنه‌وه‌كان دابین بكه‌ن، لەكاتێكدا زیاتر له ٢٣٦٧ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌مان هه‌یه و بڕی ئه‌و مێگاواتەی كاره‌با بۆ پێداویستی ناوەندەكانی تاقیكردنەوە زیاترە له ٢٩٠٠ مێگاوات، ئەمەش وەك پێویست جێبەجێ بووە تا بتوانرێت ناوه‌نده‌كانی خوێندن كاره‌بای به‌رده‌وامیان هه‌بێت، لە یەكەم ڕۆژی تاقیكردنەوەكانیشەوە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرهەمهێنانی بڕی كارەبا بۆ ناوەندەكانی خوێندن زیاتر و باشتر بووە و لەم ڕووەوە كاردانەوەیەكی زۆر باشمان پێگه‌یشتووەته‌وه، هەروەها موەلیده ئه‌هلییه‌كانیش هاوكارێكی باش بوون بۆ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت. ئێمه‌ش وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ئامێری فێنككردنه‌وه‌مان بۆ ته‌واوی هۆڵه‌كانی تاقیكردنه‌وه دابین كردووه.
لەبارەی هەماهەنگییەكانەوە، وەزیری پەروەردە باسی لە ڕۆڵی پارێزگار و سه‌رۆكی یه‌كه كارگێڕییەكان كرد و گوتی: هاوكاری گرنگی ئێمه‌بوون و هاوكاری گرنگی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكانیش بوون، به شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌گه‌ر ببینی حكوومه‌ت وه‌ك یه‌ك بازنه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌گرێدراوە كە حه‌وت وه‌زاره‌ت هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆسه‌كه باش به‌ڕێوه بچێت.
له ڕووی پێداویستی لۆجستیشه‌وه ده‌زگای خێرخوازی بارزانی ١٥٠ هەزار ماسكی بۆ مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابیان له ناو ناوه‌نده‌كانی تاقیكردنه‌وه دابین كردووه بە جۆرێك ده‌توانرێت ماسكه‌كان بشۆرێت و بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به كار بهێنرێتەوە، جیا له‌وه‌ش ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ملیۆنێك ماسكمان دابین كردووه بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، بەپێی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی و به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕێنمایانه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕایگەیاندووە ماسك به كار ده‌هێنرێت و دووری نێوان قوتابیان و خوێندكارانییش ڕە‌چاو كراوه و له ڕووی ته‌ندروستییەوە دۆخه‌كه زۆر باشه.
چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تاقیكردنەوەكان:
سه‌باره‌ت به پاكی و بێگه‌ردی تاقیكردنه‌وه‌كان و كەش و هەوای ئارامی ناو هۆڵەكان، وەزیری پەروەردە جەختی كردەوە لە هەر‌شوینێك گرفتێك هه‌بووبێت له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیاریكراو كه‌وتوونه‌ته سه‌رهێڵ و توانیویانه چارەسەری بكه‌ن و "به شێوه‌یه‌كی گشتی تاقیكردنه‌وه‌كان به‌و شێوه‌یه به‌ڕێوه ده‌چێت، جگە لەوەی ڕۆژانه له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌روه‌رده‌كان و له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان پەیوەندیمان هه‌یه و به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خت سه‌ردانی هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌مان كردووه و له‌گه‌ڵ ستافی قوتابخانه‌كانیش دانیشتووین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین پڕۆسه‌كه چۆن به‌ڕێوه ده‌چێت. سوپاس بۆ خودا به پشتیوانی به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ و یاریده‌ده‌ره و سه‌رپه‌رشتیار و چاو‌دێر و مامۆستایان، دۆخێكی ئارام و ئاماده‌ساز له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه بۆ قوتابیان و خوێندكاران و بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كان هه‌یه، ده‌بێت ئه‌وه بزانین بەرەنگاری گه‌وره له‌به‌رده‌م ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا بوو، ئاماره‌كانی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا له‌وپه‌ڕی هه‌ڵكشاندایە، پله‌كانی گه‌رما ئەمساڵ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو له‌به‌رزبوونه‌وه‌دا بووه، بۆ ئه‌وه‌ی ئەو دۆخە لەبەرچاوبگیرێت بۆ قوتابیان و خوێندكاران، تاقیكردنه‌وه‌كانمان یه‌ك كاتژمێر هێنایه پێشه‌وه، واتا له كاتژمێر ٨:٣٠ هێنامانه ٧:٣٠ی به‌یانی، ئەمەش بڕیارێكی باش بوو له پرۆسه‌كەدا تا له ڕووی كه‌شوهه‌واوه هاوكار و یاریده‌ده‌ری قوتابیان و خوێندكاران بێت.
ڕێكاری نوێ:
له‌بارەی ئەو ڕیكارە نوێیانەی لە پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانی ئەم ساڵدا لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن، وەزیری پەروەردە گوتی: له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆسه‌یه‌كی زۆر ڕوونمان ده‌ست پێ كردووە كە بۆ یه‌كه‌مینجارە له‌سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستانیشدا به‌رجه‌سته بووه، تەنانەت له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش له چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی دیاریكراودا ئه‌م پڕۆسه‌یه پیاده دە‌كرێت و بەشێوەیەكە هه‌موو قوتابییه‌ك ده‌توانێت ده‌ره‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی خۆی ببینێت، واتا ئه‌و په‌ڕە سۆمایه‌ی كه تاقیكردنه‌وه‌ی تێدا ئه‌نجام دەدرێت، به‌هه‌مان په‌نجه‌مۆر یان واژۆی خودى قوتابییەکە به هه‌مان ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی كه دایناوه له‌گه‌ڵ وه‌ڵامی نموونه‌یی، واتا چ وه‌ڵامێك ڕاسته قوتابیان ده‌توانن بیبینن، كه‌واته پڕۆسه‌كه هیچ شك‌و گومانێك ناهێڵێته‌وه، هەروەها خانه‌واده‌ی قوتابیان و خوێندكارانیش ده‌توانن ئاگاداری ئاست و توانای ئه‌و قوتابیانە بن كه تاقیكردنه‌وه ئه‌نجام دەدەن، له‌مڕووه‌وه پرۆسه‌كه ڕوون و دادگه‌رانەیە.
كاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی تاقیكردنەوەكان:
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، لەبارەی ئەنجامەكانەوە ئاماژەی بەوەشدا كە ڕۆژی ١٥/٨ تاقیكردنه‌وه‌ی قۆناغێك له قۆناغه‌كان كه (وێژە‌یی و زانستی)ـیە له قۆناغی ١٢ ی ئاماده‌یی ته‌واو ده‌بن، به‌ڵام خوێندنی (توركمانی و سریانی)مان هه‌یه و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌یه، هەروەها خوێندنی (پیشه‌یی)ـمان هه‌یه كە ئه‌وانیش تاقیكردنه‌وه‌ی دیكه‌یان دەبێت، واتا پڕۆسه‌كه ئه‌گه‌ر بۆ (زانستی و وێژە‌یی) حه‌وت تاقیكردنه‌وه بێت، بۆ خوێندنی (توركمانی و سریانی) هه‌شت تاقیكردنه‌وه و بۆ خوێندنی (پیشه‌یی) نۆ تاقیكردنه‌وه‌یه، ئەو ماوەیەش هه‌فته‌یه‌ك زیاتری پێده‌چێت تاكو تاقیكردنه‌وه‌كان ته‌واو ده‌بن، ئەگەر ئەو بابەتە نەبوایە بۆ نمره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی (زانستی و وێژە‌یی) ده‌توانم بڵێم به ڕۆژێك و دوو رۆژ له‌وكاته‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان ته‌واو ده‌بن، نمره‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانیش له‌به‌ر ده‌ستی ئێمه دەبوون، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كۆی پڕۆسه‌كه وردبینیی باشتری تێدا بكرێت و به یه‌ك پاكێج بێت تا له نێوان (پیشه‌یی، زانستی و وێژە‌یی، خوێندنی توركمانی و سریانیشدا جیاكاری نه‌كرێت، بۆیە دەبێت هەموو چاوەڕوانى تەواوبوونى هەر نۆ تاقیکردنەوەکە بین.
هه‌وڵیش ده‌ده‌ین دوای ته‌واوبوونی كۆی پڕۆسه‌كه ئه‌نجامه‌كان ڕابگەیەنین، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه به سیستەمێكی ئه‌لیكترۆنی ده‌كرێت و ساڵی پاریش توانیومانه سەركەوتنێكی باش به ده‌ستبێنین، له ڕووی ته‌كنیكیشه‌وه ئه‌و لۆدەى ده‌چێته سه‌ر ماڵپەڕى وەرگرتنەوەى ئەنجامى ئەزموونەکان و له‌یه‌ك كاتدا ژماره‌یه‌كی زۆری قوتابیان و خوێندكاران پێویستیان به‌وه دەبێت ماڵپەڕەکە بكه‌نه‌وه، لەپێشتردا ئه‌م گرفتانه هه‌بووه له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به دڵنییایی لە ساڵی پارەوە سێرڤه‌ری زۆر ئاست به‌رزمان بۆ ئه‌م بابه‌ته دابین كردووە و دوای داخڵكردنی كۆدی تایبەت، هیچ قوتابییه‌ك پێویستی نه‌بووە له‌چه‌ند چركه‌یه‌ك زیاتر بووه‌ستێت تا ئه‌نجامه‌كانی وه‌ربگرێته‌وه، پشت به‌خوا بۆ ئه‌مساڵیش هه‌روا ده‌بێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئاماده‌سازی تەواو كراوه.
لینکی ڤیدیۆکە لەم لینکەی خوارەوەیە: