وەزارەتى پەروەردە و خوێندنی باڵا کۆنفرانسێکى هاوبەش بۆ پرسە پەیوەندارەکان سازدەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردو وەزارەت لە کۆبونەوەى نێوان وەزارەتەکانى خوێندنى باڵا و پەروەردە بڕیاردرا لە مانگى شوباتى ئەمساڵ کۆنفرانسێکى زانستى هاوبەش لەنێوان هەردو وەزارەت بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدەدرێت.
ئێوارەى ئەمڕۆ دوشەمە ڕێکەوتى (١٨/١/٢٠٢١) بەسەرپەرشتى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت بە بەشدارى بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردولا بەڕێوەچو.
لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە کۆبونەوەى هاوبەشى نێوان هەردو وەزارەت کە تایبەتە بەتاوتوێکردنى پرس و بابەتە هاوبەشەکانى نێوان هەردو وەزارەت. بۆ ئەمەش وتى: تێگەیشتنى تەواومان بۆ گرفتەکانى هەردو کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵا لە کوردستان هەیە، بۆیە هەردو وەزارەت بەیەکەوە دەتوانن باشتر لە بارودۆخە تێبگەن و بۆ ئەوەى بە دیدو ڤیژنى هاوچەرخ بتوانین بەسەر کێشەکان زاڵ بین و چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە. دوپاتیشیکردەوە بونى هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوام و ئاڵوگۆڕى بیروڕاکان هاوکارمان دەبێت بۆ پێشخستنى زیاترى کەرتى پەروەردەو خوێندنى باڵا.
لەبەرامبەردا ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردە، پێشنیازى بەردەوامى دان بە کۆبونەوەکانى نێوان هەردولا بەشێوەیەکى دەورى بەگرنگ زانى، بۆ ئەوەى بەپێى بابەت و پێویستەکانى نێوان هەردو وەزارەت کۆبونەوەى بەردەوام ئەنجامبدرێت. ڕاشیگەیاند: هەردو وەزارەت کارى زۆرمان بەیەکەوە هەیە، بۆیە دیدارى هاوبەشى هەردولا بە بەردەوامى گرنگە، لە چوارچێوەى کارە هاوبەشەکانیشدا وەزیرى پەروەردە وتى: پێویستمان بەڕەخساندنى ژینگەیەکى گونجاوى زانستى هەیە بۆ فێرخوازان بۆ ئەوەى بتوانن لە کەشێکى ئارام و پرۆسەى خوێندن تەواو بکەن.
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کۆنفرانسێکى زانستى هاوبەش لە نێوان هەردو وەزارەت لە مانگى شوباتى داهاتو لە شارى هەولێر ئەنجامبدرێت، ئامانج لە ئەنجامدانى کۆنفرانسەکە تاوتوێکردن و بڕیاردرانە لەبارەى بابەتە پەیوەندیدارەکانى هەردو وەزارەت، بەتایبەت پرسى وەرگرتنى دەرچوان و بابەتە پیشەییەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى ناوەندەکانى خوێندن لە هەرێمى کوردستان لە هەردو سێکتەرى خوێندنى باڵا و پەروەردە.
لە کۆتاى کۆبونەوەکەدا ڕەشنوسى پەیرەوى پێدانى مۆڵەتى خوێندن لەنێوان هەردو وەزارەت تاوتوێکراو و خاڵە هاوبەشەکان و تێبینیەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا بەمەبەستى دەوڵەمەندکردنى.