تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ی ئامادەیی دەستیان پێکرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-ڕۆژی یەکشەممە رێکەوتی٢٥ی٧ی٢٠٢١، "ئالان حەمەسەعید ساڵح" وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیاوەری پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر و بەڕێوەبەری سەرپەشتیاران، کاتژمێر (٨:٣٠) بەیانی، بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی دابەشکردنی پرسیاری تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەم - قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە، سەردانی هۆڵی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانەی ئامادەیی هەڵمەتی کوڕانی لە شاری هەولێر کرد.
پاشان وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ لەسەرانسەرى کوردستان تاقیکردنەوەکانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیی دەستیان پێکرد کە تیایدا، (١٨٠٠٠) هەژدە هەزار سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری هۆڵ و یاریدەدەر و چاودێران، (١٢٤٫٠٠٠) سەد و بیست و چوار هەزار قوتابی و خوێندکار بەسەرجەم بەشەکانیەوە بەشدارى پرۆسەی تاقیکردنەوەکان دەكەن.
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری پەروەردە راشیگەیاند: لە هەفتەیەكدا قوتابیان و خوێندكاران دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەن و لە ڕووى دابینکردنى کارەبا و کەرەستەکانى خۆپارێزى تەندروستى، هەماهەنگى بۆ هەموو لایەنەکان ئەنجام دراوە.
شایەنی باسە لە سنوورى یازدە پەروەردەى پارێزگاى هەولێر تاقیکردنەوەکانى ١٢ى ئامادەیی بەڕێوە دەچن.