Skip to the content

ئەنجوومەنی وەزارەت بریاریدا 10نمرە ببەخشرێتە قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی 12 ی ئامادەیی

هەولێر، هەرێم كوردستان-عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ڕێکه‌وتى2021/6/24.  بەسەرپەرشتی "ئالان حەمەسەعید ساڵح" وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، بەئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت کۆبوونەوەی ئەنجوومەی وەزارەت بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا  چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کرا، کە تێدا باس لە رێکخستنەوەی میلاکی مامۆستایان کرا، هەروەها لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە تاقیکردنەوەی ئەزموونە گشتییەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کرا کە لە رێکەوتی 7/25دەستپێدەکات. دواتر جەخت لەسەر مەشقکردن و ڕاهێنانی مامۆستایان کرایەوە کەوا بە کوالێتی بەرز ڕاهێنانیان  پێبکرێت، لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لە قەرەبوو کردنەوەی ئەو بابەتانە کرا كه‌ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا فەوتاون لەبەر داخستنی دەرگای قوتابخانەکان، بۆ دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانە و پەروەردەکان کرا سەبارەت بە بەکارهێنانیان و گرنگیدانیان بە  سیستمی (E - parwarda).
لەکۆتاییدا  ئەنجوومەنی وەزارەت بریاریدا 10نمرە ببەخشرێتە قوتابیان و خوێندکارانی  پۆلی 12 ی ئامادەیی بە مەبەستی داخیل بوونیان لە تاقیکردنەوەکاندا.