وهزیری پهروهرده: مامۆستایانی کوردستان سەرمەشقی پەروەردە و فێرکردنی كۆمەڵگەن
لە (٥۹)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ئالان حمەسەعید وهزیری پهروهردهى حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاو کردەوە و تیایدا گوتى: مامۆستایان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلەكەمان، هەمیشە لە پاڵ ئەركی پیشەیی خۆیان درێژەیان بە خەباتی شۆڕشگێڕانە لە پێناو ڕزگاری و ئاوەدانکردنەوەی خاك و نیشتمان داوە، بۆیە ئەمەكداری و ڕۆڵی گرنگیان هەرگیز لە بیر ناكرێت.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ئهمڕۆ شەممە ١٥/٥/٢٠٢١ى زایینى، وهزیری پهروهرده له ساڵیادی دامهزراندنی یهكێتی مامۆستایانی كوردستان ، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک و ستافی سكرتاریەت و سەرجەم لقەکان و مامۆستایانی کوردستان، له پهیامەکەى خۆیدا ئاماژەی بهوه داوە كه مامۆستایانی کوردستان سەرمەشقی پەروەردە و فێرکردنن لە كۆمەڵگە و ههموو كات ئەمەکداری ماندووبوون و شەونخوونی ئهوانین.
وەزیرى پەروەردە دەشڵێت "كاتێك شەڕی نەگریسی داعش و قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەرۆكی کوردستانى گرت، مامۆستایان ڕۆڵی كاریگەریان بینی لە پەكنەخستنی پڕۆسەی خوێندن و بەردەوام و پێشمەرگەئاسا لە خەمی كۆمەڵگەدا بوون، خوازیارین هەمیشە بەردەوام بن لە خزمەتگەیاندن بە كۆمەڵگە و ڕۆڵ و خەباتیان بەرز دەنرخێنین".