Skip to the content

وەزارەتی پەروەردە پڕۆسەى خوێندنی لە نێو پۆلەکان دەست پێ کردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى پەروەردە هاتووە "ئاماژە بەو دەسەڵاتەی لە کۆبوونەوەی ١٠/٣/٢٠٢١ى زایینى لە لایەن لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پێمان دراوە، لە دوای گفتوگۆکردن  لەگەڵ  بەڕێزان  سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا، چەندین بریارمان لەسەر پڕۆسەى خوێندن دا".

 

بریارەکانى وەزارەتى پەروەردە بریتین لە:

١. دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ناو پۆل لە یەکشەممە ١٦/ ٥ /٢٠٢١ بە شێوازی بەنۆرە (تناوب)، بۆ قۆناغی (یەکەمی بنەڕەتی تا یازدەیەمی ئامادەیی)ی بە هەردوو بەشى حکومی و ناحکومی و قوتابخانانەی گوندەکان کە پێشتر سێ ڕۆژ لە هەفتەیەک لەسەر یەک دەوامیان کردووە، بەهەمان شێواز بەردەوام دەبن.

٢. پێویستە هەمو لایەک پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەکان. دەسەڵاتی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان، جگە لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان و تیمی تەندروستی، دەدرێتە بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزا و سەرپەرشتیاریی هاوڕێی ڕەخنەگر، کە پێویستە چاودێرییەکی وردی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکەن.

٣. لە حاڵەتی تووشبوون و چارەسەرکردنی تووشبووانى کۆرۆنا لە ناوەندەکانی خوێندن، بە هەماهەنگی نێوان تەندروستی و پەروەردەی پارێزگاکان، بەسەرپەرشتی بەڕێز پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت.

٤. بەخێوکاری قوتابی و خوێندکاران، ئەگەر ئارەزوویان بێت منداڵەکەیان لە ناوپۆل نەخوێنێت،  دەتوانن لە هەفتەی یەکەمی دەستپیکردنەوەی خوێندن فۆڕمی بەڵێننامە پڕ بکەنەوە، کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی و پاڵپشتی ماڵەوە بەردەوام دەبن، بەڵام تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ لە ناو پۆل ئەنجام دەدرێن.

٥. وەزارەتی پەروەردە، وێڕای سوپاسی بۆ هەموو بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و ئەو مامۆستا بەرێزانەی ڕۆڵیان هەبووە لە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دروستکردنی گرووپەکانی تلێگرام و ڤایبەر و هتد، وا پێویست دەکات بەردەوام بن لە کارەکانیان و لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکان بە کارایی بمێنێتەوە و لە ڕێگای ئەو شێوازی پەیوەندیکردنانەی کە بە کار هێنراون. دەتوانرێت ئەو سێ ڕۆژەی کە قوتابی لە ناو پۆل نییە، تەنیا لەو بابەتانە کە  پێویستە تاقیکردنەوەیان لێبکرێت ئەرکی ماڵەوەی زیاتر پێ بدرێت و پەرە بە تواناکانی فێربوونی بدرێت، لەگەڵ خشتەی بە شەوانەکان کە لە گشتاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتدا هاتووە و پێشتر ڕایانگەیاندوە و بۆ دامەزراوەکانی وەزارەت نێردراون، لەم ڕوانگەیەوە کاری لیژنەی خوێندنی ئەلیکترۆنی بەردەوام دەبێت.