ڕوونكردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلاندانانی پەروەردەیی سەبارەت بە ڕانكینگ و پۆلێنبەندی ئاستی فێربوون
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ چەند میدیایەك بێ پشتبەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێكراوەکان، سەبارەت بە کردنەدەرەوەى کوردستان لە ڕیزبەندی و پۆلێنی پەروەردەیی، ڕاپۆرتێکى نادروستیان بڵاو کردووەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕوونکردنەوەیەکى بە چەند خاڵ بڵاو کردەوە کە بریتییە لە:
یەكەم: ئایا كوردستان پێشتر لە كوێی ئهو ڕیزبەندەدا بووە تا ئێستا كرابێتە دەرەوە؟ فەرموون ڕیزبەندی پەروەردەیی هەرێمی كوردستانمان لە ساڵانی پێشوو نیشان بدەن تا بزانین پەروەردەی هەرێم لە چ ساڵێك و لە چ ڕانك و ئاستێكدا بووە تا ئێستا دەركرابێ؟ هەر بۆ زانیاریی گشتی، ئەم بابەته لە ڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەكی نییە.
دووەم: عێراق بە هیچ شێوەیەك بەشداری ڕانكینگی داڤۆسی نەكردووە و هەر وڵاتێك بیەوێت بەشداری بكات دەبێت سەرەتا زانیاری ورد دەربارەی خوێندن لە وڵاتەكەیو تێچووى بەشداربوونى بدات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ڕانكینگی داڤۆس هەر نەكراوە.
سێیەم: دواى ئەم بابەتە ئێمە، وەك پلاندانی وەزارەتی پەروەردە پەیوەندیمان بە یونیسێف و یونسکۆوە کرد، پێیان ڕاگەیاندین کە بە هۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و مەترسیەکانی، دوای ساڵی ٢٠١٩وە هیچ هەڵسەنگاندنێکی جیهانیی پەروەردەیی باوەڕپێکراو نەكراوە.
چوارەم: لە ساڵانی ڕابردوو، پشتبەستن بە چەندین داتا و ئاماری ڕێکخراوەکانی دیکە، ئەم پۆلێنکردنە لەلایەن کۆڕبەندی ئابووری جیهانییەوە كراوە، بۆ نموونە داتای ڕووپێوى هێشوویى فرە نیشاندەر MICS هەڵسەنگاندنی فێربوون وەك (TIMSS, PIRLS, PISA, SACMAQ, ASER,EGRA) هەروەها چەندین سەرچاوەی دیکە، هەرێمی کوردستان بەشداری هیچ لەم هەڵسەنگاندنانەی نەکردووە، هیچ کاتێکیش داتاکانمان بۆ ئەم کۆڕبەندانە نەناردووە و هەرێمی کوردستان وەك هەرێمێک نەیتوانیوە بەشداریی ئەم جۆرە پۆلێنکردنانە بکات، چونکە ئەم جۆرە پۆلێنانە تەنیا بۆ دەوڵەتانە.
پێنجەم: وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین جار هەوڵی داوە بچێتە ناو ڕیزبەندی ئەم پۆلێنكردنانە، بەڵام ڕێکخراوەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە ئەوان تەنیا دەتوانن داتای عێراق وەربگرن و پۆلێنی بکەن، لە دوایین پەیوەندیمان بۆ پەیمانگای ئاماری یونسکۆ لە بەرواری (23/3/2021) کە داوامان لێکردوون کارمان لەگەڵ بکەن و ناومان بچێتە نێو ڕانکینگی ئەوان، بەڵام رایانگەیاند داتا بە جیا لەسەر ئاستی هەرێم و پارێزگا وەرناگرن و تەنها دەتوانن داتاکانی عێراق وەك وڵاتێك لە پۆلێنەکانی خۆیاندا تۆمار بكەن.
شەشەم: سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە (k-12)یە، زۆر جیاوازە لەگەڵ سیستەمی خوێندنی عێراق، کە سیستەمی ( 6-3-3) تەنانەت لەڕووی پرۆگرامەکانی خوێندنیشەوە ، بە گوێرەی ڕاپۆرتی چەندین ڕێکخراوی جیهانی جیاوازیشە، بۆ نموونە ڕاپۆرتی یونسێف كە بە ناونیشانی (cost for education) ڕاگەیێنرا، ئهوە ئاشكرا كراوە كە لە ڕووی پەروەردەییەوە هەرێمی کوردستان باشترە بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەراست و خوارووی عێراق.
حەوتەم: ڕێكخراوی یونسێف هەڵسەنگاندنی نیشتیمانی، بە هۆی كۆكردنەوەی زانیاری و چۆنیەتی و كوالێتی فێربوون لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقدا كردووە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامەكەی ڕانەگەیەنراوە..
هەشتەم : دوای ناردنی ئیمەیل بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهان (داڤۆس) ، کۆڕبەندی ناوبراو (Oliver Jabbour)ی دەستنیشان کرد بۆ مەبەستی روونکردنەوە سەبارەت بەم بابەتە، بۆیە ناوبراو به ئێمهی ڕاگەیاند ئەم زانیارییە بە شێوەی ڕاپۆرت لە ساڵی ٢٠١٩ لە ژێر ناونیشانی (The global competitiveness report ) دەرچووە، لەبەر ئەوەی لە عێراق داتای تەواو نەبووە نەمانتوانیوە عێراق بخەینە نێو ئەم ڕاپۆرتە، ئەگەر لە داهاتوودا عێراق داتا بەردەست بخات ئەوا کاری لەسەر دەکەن.
لە ٢٩ ساڵی رابردوودا، هیچکات پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەو ڕیزبەندیانەدا نەبووە. هاوتەریب بەو هەوڵەش لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵیش لە هەماهەنگیداین بۆ ئەوەی هەرێم بەشدار بێت لە تاقیکردنەوە جیهانییەکان، بەتایبەتی لە بابەتی زانستەکان و بیرکاری کە بۆ قۆناغی چوارەم و هەشتەمی بنەڕەتی ساز دەكرێن.