کۆنفرانسی ICET بۆ پەروەردە لە شاری هەولێر بهڕێوه چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى ١٧/٥/٢٠٢١ى زایینى، د.ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە کوردستان و ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکانی کوردستان و عێراق، لە پایتەختى کوردستان بەشداری کۆنفڕانسی ICET کرد.
ئەم کۆنفڕانسە کە بە شێوەی ئۆنلاین بهڕێوه دهچێت، ٤٠٠٠ بەشداربوو له ٦٣ وڵاتی جیاواز خۆیان تۆمار کردووە و تیایدا بەشدارن، ههر لهم کۆنفڕانسەدا ٣٩ وتاربێژ سمینار بە هەرسێ زمانى کوردى و عەرەبی و ئینگلیزی پێشکەش دەکەن. کۆنفڕانسەکەش لە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەدەوام دەبێت.
ئامانجى کۆنفڕانسەکەش، بەهێزکردنەوەى خوێندنە لە نێو ناوەندەکانى خوێندن دواى ئەوەى کە پەتاى کۆڤید ـ ١٩ بڵاو بووەوە و خوێندنى لە دونیا و هەرێمى کوردستان ڕاگرت و بە شێوەى ئۆنلایەن خوێنرا.
وەک یەکێک لە بەڕێوەبەرانى کۆنفڕانسەکە گوتى "بوونى بژاردەى زمانى کوردى لە نێو کۆنفڕانسەکە زۆر گرنگە و لە کوردستان کەسێک دەتوانێت خۆى تۆمار بکات و بەشدارى گفتوگۆکان بکات، مەبەستیش لە کۆنفڕانسەکە بەشداربووى کەسانێکە کە مامۆستان و کار لەسەر پەروەردە دەکەن بۆ ئەوەى ئەوانیش ئەو ئەزموونە بگوازنەوە بۆ مامۆستایانى دیکە و بەم شێوەیە دۆخى خوێندن ئاسایی بکرێتەوە".