کۆبوونەوەى هاوبەشى وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا بەڕێوە چوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ۱۲ی٤ی۲۰۲۲، بەسەرپەرشتى "ئالان حەمەسەعید ساڵح" وەزیرى پەروەردەی حكومەتی هەرێمی کوردستان و د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ، بە ئامادەبوونى بریکارى هەردوو وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوولا، کۆبوونەوەیەکى هاوبەش بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى هەنووکەیی بەرێوە چوو.
وەزیرى پەروەردە لە وتەیەکدا، کۆبوونەوە بەردەوامەکانى نێوان هەردوولاى بە پێویستزانى، بۆ ئەوەى پرس و بابەتە پێویستەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێ بکرێت.
لە بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێک تاوتوێکران، لەوانە کردنەوەى بەشى زانست لە کۆلێژەکانى پەروەردە و پەروەردەى بنەڕەتى لە زانکۆکانى کوردستان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەکارى پێویست بۆ ئەم بابەتە بکات. تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە یەکخستنى ستراتیژى خوێندنى پیشەیی لە هەرێمى کوردستان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازى بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى فێرکردنى بنەڕەتى و باخچەى منداڵان گفتوگۆى لەبارەوە کرا.