بە گوژمەی ٣ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دینار، قوتابخایەکی (١٢) پۆلی لە ڕانیە دروست دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ۳ ی ئابی۲۰۲۲،" ئالان حەمەسەعید ساڵح" وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرینی کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری پەروەردە باسى لە ڕەوشی پەروەردە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و پرۆسەی خوێندن بە گشتی کرد.
لە مەراسیمێکدا بەردی بناغەی قوتابخایەکی (١٢) پۆلی (ئامادەیی جەلالی حاجی سێناجیانی) کچان دانرا کە لەلایەن بنەماڵەی خێرخوازی شاری ڕانیە (حاجی ئەحمەد سێناجیانی) بە گوژمەی ٣ ملیار و ١٣٠ ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت .
هەر لەمەڕاسیمەکەدا وەزیری پەروەردە دەستخۆشی لە بنەماڵەی حاجی ئەحمەد سێناجیانی کرد لە بەرامبەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە هەروەها سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕینی کرد لەبەرامبەر پاڵپشتی بەردەوامی بۆ کەرتی پەروەردە لە سنوورەکە و پیرۆزبایی لە مامۆستایان و خەڵکی ئیدارەى ڕاپەڕین و ناوچەکە کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و پاڵپشتی و پشتگیری وەزارەتی پەروەردەی نیشاندا کە هەمیشە پاڵپشت و هاوکارییان دەبێت.
دواتر له مەڕاسیمێکدا لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری پەروەردە فەرمانی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی ڕاپەڕینی پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین کرد.