Skip to the content

وۆرکشۆپى سەرکردایەتى پەروەردە لە هەولێر بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ٣٠ی١ی٢٠٢٢، "ئالان حەمە سەعید ساڵح" وەزیرى پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  بە ئامادەبوونی "دیڤد هانت" کونسوڵى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان و نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتیی وەزارەتى پەروەردە و خوێندنى باڵا، بەشداری لە وۆرکشۆپى سەرکردایەتى لە پەروەردە  کرد.

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەکەدا  نوێنەری کۆمپانیاى ڕاوێژکارى بوارى خوێندنى باڵا (GEMS) لە وتەیەکدا ئاماژەى بە گرنگیی بەستنى ئەم وۆرکشۆپە کرد و ڕایگەیاند، لە ئێستادا پەرەپێدانى سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە دەرەوەى سنوور کارى سەرەکى ئێمەیە، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەرێمى کوردستان و عێراق کارەکانمان چڕکردۆتەوە، 
دواتر نوێنەرى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى  زانستى  ڕايگەياند بە مەبەستى بەرزکردنەوەى تواناى پەروەردەیى هەردوو سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمی کوردستان ئەم وۆرکشۆپە بەڕێوە دەچێت.
  کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان،  هیواى خواست پڕۆژە زانستى و ئەکادیمییەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و سێکتەرى پەروەردە و خوێندنى باڵا و زانکۆکانى کوردستان و زانکۆکانى وڵاتى بەریتانیا زیاتر بێت و ئاستى پەیوەندییەکان بەهێزتر بکرێن.