وەزیری پەروەردە لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٧ی١ی٢٠٢٢ "ئالان حەمەسەعید ساڵح" وەزیری پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە یاوەریی بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، سەرەتا لەلایەن "د.هیمن هەورامی" جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لێکرا، دواتر لە هۆڵی پەناگیریی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی لیژنە و جێگر و بریاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی لیژنە هاتنی وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری بەرز نرخاند بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونی بدەنە لیژنەی پەروەردە لەسەر پڕۆژە یاسای پەروەردە و فێرکاری تاوەکو لیژنەی تایبەتمەند دیراسەی پڕۆژە یاساکە بکەن بۆ ڕێکخستنی بڕگە و ماددەکان.
پاشان وەزیری پەروەردە باسی لە چۆنیەتی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە کرد کە بە کاتێکی زۆر و بە ھەوڵ و ماندووبوون و دیراسەکردنی سیستەمی پەروەردەی چەندین وڵات ئامادە کراوە. ھەروەھا باسی لە گرنگی و گشتگیری پڕۆژە یاساکە کرد، کە ئەم پڕۆژەیاسایە دیدێکی فەلسەفی و ھاوچەرخ بۆ سێکتەری پەروەردە دەخاتە بەردەست.
لە کۆتاییدا ئەندامانی لیژنەی پەروەردە پرسیارەکانیان ئاراستەی کرد و لەلایەن وەزیری پەروەردە وەڵام درانهوه.