کەرنەڤاڵی تێپەڕبوونی ١٠٠ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم قوتابخانە له ئاكرێ بهڕێوهچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۲۹ی۳ی۲۰۲۲، لە قهزای ئاکرێ "ئالان حەمەسەعید ساڵح" وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی قائیمقامی دهۆک و بەڕێوهبەری گشتیی پەروەردەی دھۆک و بەڕێوەبەری گشتیی بیناسازی وەزارەت و بەڕێوهبەری پەروەردەی بەردەڕەش و بەڕێوهبەری پەروەردەی ئاکرێ و ژمارەیەک سەرپەرشتیار و ماموستایان بەشداری لە یادی ۱۰۰ ساڵەی دامەزراندنی قوتابخانەی (ئاکرێ)ـی بنەڕەتی لە سنووری پەروەردەی ئاکرێ کرد .
وەزیری پەروەردە لە وتارێکدا باسی لە مێژووی خوێندن لە ناوچەکەدا کرد، کە پێش ١٠٠ساڵ لە ئاکرێ قوتابخانە دامەزراوە و خوێندن لە دەڤەرەکە ھەبووە ، ھاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دامەزراندنی یەکەم قوتابخانە پێش ١٠٠ساڵ گەواھیدەری ئەوەیە کە ئاکرێ ناوەندێکی ڕۆشنبیریی و پەروەردەیی بووە، بۆیە ئەمڕۆ ئەم یادە گرنگە دەکەینەوە. هاوکات بەڵێنی پێدان بەزووترین کات مۆزهخانەیەکی پەروەردەیی لەم دەڤەرە دروست بکرێت.
پاشان لە کەرنەڤاڵەکەدا چەندین چاڵاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو، هەروەها نمایشکردنی خواردنی کوردەواری و کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەیی کۆن لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان فۆتۆ.
لە کۆتاییدا وەزیری پەروەردە ڕێزلێنانی بەخشییە ئەو کەسایەتیانەی کە هاوکار و هەماهەنگی ئەو قوتابخانەیە بوون.
هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سنووری پارێزگای دهۆک، وەزیری پەروەردە بەشداریی لە یەکەمین چاڵاکی دیدەوانی پەیمانگە و ئامادەیی پیشەیی "ڤیا"ی ناحکومی لە دهۆک کرد، کە لەلایەن قوتابیان چەندین چاڵاکی وەرزشی و کردنەوەی خێوەتگەی دیدەوانی ئەنجامدرا.