Skip to the content

دوای هێرشەکانی ئێران وەزیری پەروەردە چەند بڕیارێکی لەبارەی خوێندنی ناوچە بۆردوومانکراوەکان دەرکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- شەوی سێشەممە  ۱٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لەسەر ڕاسپاردە و پشتیوانیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە سەردانی قەزای کۆیەی کرد.

لە سەردانەکەدا، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی کۆیە و سەرۆکی شارەوانیی کۆیە و سەرپەرشتیاری یەکەم، کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆ و بڕیاردان لەبارەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ چارەسەرکردنی دەرهاویشتەکانی بۆمبارانکردنی بەشێک لە سنوورەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرا، کە بریتیبوون لەمانە:
 
١- بەردەوامی ڕاگرتنی دەوام لە چەند قوتابخانەیەک کە پێشتر دەوامی تێدا ڕاگیرابوو و جێگرەوەیان بۆ دیاریکرابوو. 
٢- بریاردرا تیمی ئەندازیاریی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر سەردانی شاری کۆیە بکەن و ڕەزامەندی درا لەسەر درووستکردنی قوتابخانەیەک بە شێوازی کابینە و بە خێرایی بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە. 
٣- هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان کرا بۆ ئەوەی قوتابخابەیەک لە کۆیە درووست بکرێت. 
٤- بەرێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر راسپێردرا میکانیزمێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەی کۆیە تیمێک لە رێنماییکارانی پەروەردەیی سەردانی ئەو قوتابخانانە بکەن و کاری پێویست بۆ باشکردنەوەی لایەنی دەروونیی قوتابیان و خوێندکاران بکەن. 
٥- بریار بە تەرخانکردنی بڕی ٥٠ ملیۆن دینار بۆ پاڵپشتیی کارەکانی پەروەردەی کۆیە درا، بۆ درووستکردنی پۆلی زیادەی خوێندن بەمەبەستی کەمکردنەوەی فشار بەهۆی داخستنی زیاتر لە پێنج ناوەندی خوێندن. 
٦- زیاتر لە ٧١ ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی کۆیە و ئامادەیی تەقتەق خەرجدەکرێت.

هەر ئەمڕۆش بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی راسپێردرا کە رێکاری پێویست تاووتوێ بکەن سەبارەت بە قوتابخانەی زڕگوێز و چۆنیەتیی بەردەوامیی خوێندنی قوتابیان لە سنوورەکەدا، کە هاوشێوەی کۆیە لە ئەنجامی بۆردوومانەکان زیانیان بەرکەوتووە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی تۆپ و درۆنەوە، بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێرشی کردە سەر ناوچەی کۆیە و زڕگوێز لە هەرێمی کوردستان. کە بە هۆیەوە زیانی گیانی و ماددی کەوتەوە و زیانیش بەر قوتابخانەکانی ناوچەکە کەوتوون.