وەزیری پەروەردە و کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا تاووتوێی ڕەوشی خوێندنی گشتی و خوێندنی فەڕەنسییان لە هەرێمدا کرد
![](/media/14851/ba207603-5121-484d-b6d3-c70e10ca975e.jpeg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133078383970000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ۱٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئۆلیڤییە دێکوتینی کونسوڵی گشتیی فەرەنسا و پاسکال ڕووس ڕاوێژکاری کاروباری کولتووری و هەماهەنگی لە باڵوێزخانەی فەرەنسا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا کونسوڵی فەرەنسا پیرۆزباییی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی لە سەرجەم قوتابیان و مامۆستایان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن؛ دواتر باسی پەیوەندیی نێوان وڵاتی فەرەنسا و ھەرێم و پرسی باشترکردنی قوتابخانەکانی فەرەنسی و خوێندنی فەرەنسی بەگشتی و ئەو گرفتانەی دێتە بەردەمیان خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
دواتر وەزیری پەروەردە پاڵپشتیی خۆی و وەزارەتی پەروەردەی بۆ وڵاتی فەرەنسا و کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە شاری هەولێر دەربڕی و هیوای خواست کە بتوانرێت پەیوەندییەکی دوولایەنەی پتەوتر درووست بکەن بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە ڕەوشی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان بدەن.