Skip to the content

وەزیرى پەروەردە نمرەى دەرچووانى پۆلى ئامادەیى بەسەرجەم بەشەکانیەوە ڕادەستى وەزیرى خوێندنى باڵا کرد

نمرەى دەرچووانى پۆلى دوازدەى ئامادەیی بە هەرسێ بەشى زانستى، وێژەیى و پیشەیى کە ژمارەیان ٤٧ هەزار و ٦٢٩ دەرچووە، ڕادەستى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کرا، ئەوەش بەمەبەستى کارکردن لەسەریان لە چوارچێوەى سیستەمى زانکۆلاین بۆ خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى۲۸ی ۸ئابی۲۰۲۳، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بەیاوەری راوێژکاران و بەرێوەبەری گشتییەکانی وەزارەتی پەروەردە، کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەت لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئامادەی بوون، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە ستافى وەزارەتى پەروەردە کرد لە بەرامبەر باش بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئەزموونە گشتیەکانى قۆناغى دوازدەى ئامادەیى بەهەموو بەشەکانیەوە.

د.ئارام محەمەد قادر ڕاشیگەیاند:''لەمڕۆ بەدواوە ئەنجامى تاقیکردنەوە گشتییەکان کە لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاراستەى ئێمە کراون کارییان لەسەر دەکرێت و ئامادەکارییەکان دەست پێدەکرێن بۆ ئەوەى لە زووترین کات یوزەر و پاسوۆرد بۆ دەرچووان دروست بکرێن و ئاراستەى وەزارەتى پەروەردە دەکرێنەوە و سیستەمى زانکۆلاین لەنزیکترین کاتدا کارا دەکرێت.''

لەلایەن خۆشیەوە وەزیرى پەروەردە، ئاماژەى بەسەرکەوتنى پڕۆسەى ئەزموونەکانى دوازدەى ئامادەیى بەسەرجەم بەشەکانییەوە کرد و ئەو میکانیزمانەى شیکردەوە کە وەزارەتی پەروەردە بۆ پڕۆسەى ئەزمونە گشتییەکان جێبەجێ کردون.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەرایەتى ئەزموونەکانى وەزارەتى پەروەردە کۆى داتاو ئامارەکانى قوتابى و خوێندکارانى پۆلى دوازدەى ئامادەیى بە زانستى، وێژەیى و پیشەیى لەساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) خستەڕوو، هاوکات ژمارەى دەرچووانى بەشەکانى زانستى، وێژەیى و پیشەییەکان و ڕێژەى نمرەى بەدەستهاتووی قوتابى و خوێندکاران خرانەڕوو.

هەماهەنگى کارى هەردوو وەزارەت بەشێکى دیکەى تەوەرەکانى کۆبوونەوەکە بوون بەتایبەت بەشدارى مامۆستایان لە پڕۆژەى پێداگۆجى و کردنەوەى خولى ڕاهێنان بۆ مامۆستایانى وەزارەتى پەروەردە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و کردنەوەى پەیمانگەى پیشەیی و کارکردن بۆ خوێندنى پیشەیى بەپێى پێویستى بازاڕى کارى هەرێمى کوردستان.

لەو چوارچێوەیەدا هەردوولا جەختیان لە ئامادەیى هاوکارى و هەماهەنگى لەنێوان هەردوو وەزارەت کردەوە بۆ ئەوەش لەداهاتوودا میکانیزمێک دروست دەکرێت بەمەبەستى هەماهەنگى کارکردن بۆ جێبەجێ کردنى پڕۆژەکان.