Skip to the content

وەزیری پەروەردە بەشداری لە یەکەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەیی لە شارباژێر دەکات

-ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداری لە یەكەمین فێستیڤاڵی کورتە فیلمی پەروەردەیی لە پەروەردەی شارباژێر لە سنووری پارێزگای سلێمانی کرد . 

فێستیڤاڵەكە، ڕۆژی شەممە (26ـی ئابی 2023)، لە شارباژێڕ بەڕێوەچوو و تێیدا، هەریەك لە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری سنوورەكە و مامۆستایان و كەسوكاری قوتابیان بەشدار بوون.

لە فێستیڤاڵەكەدا، (13) کورتە فیلمی پەروەردەیی، كە لە لایەن مامۆستا و قوتابیانەوە بەرهەمهێنرابوون، نمایش كران و ناوەڕۆكی كورتەفیلمەكان تایبەت بوو بە خۆشەویستی نیشتمان و ژینگە و پرۆسەی خوێندن.

ئالان حەمەسەعید،، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوتەیەكدا ڕایگەیاند، سینەما خاوەن زمانێکی تایبەتە، دامەزراوەکانی پەروەردەیی ئێمە بە تەنیا کار لەسەر فێرکاری ناکەن، بەڵکو کار لەسەر چاندنی بەها بەرزەکان دەکەن لای قوتابیان، ئەمە پرۆسەیەکی گرنگی مرۆڤسازییە، پشتیوانی تەواویان دەکەین بۆ کاری فراوانتر و زیاتر.