بەشداربوونی وەزیری پەروەردە لە کۆربەندی جیهانی پەنابەران لە جنێف
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆربەندی جیهانی پەنابەران لە جنێف کرد کە لە ژێر رۆشنایی چوار تەوەری سەرەکی پەیماننامەی جیهانی بۆ کاروباری پەنابەران بەڕێوەچوو و شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد.
لە کۆربەندەکەدا ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد و شاندی وەزارەتی پەروەردەش لەسەر داوای رێکخراوی ناوبراو بۆ خستنەڕووی سەرکەوتنی سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابیانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لەو کۆڕبەندە کرد.
هەر لە کۆڕبەندەکەدا وتاری هەرێمی کوردستان لەبارەی سیاسەتی تێکەڵکردنی قوتابییانی پەنابەر و دەستکەوتەکان و ئالێنگارییەکان پێشکەش کرا، لە هەرمان کاتدا دیدارێک لەگەڵ Scott C.Turner جێگری یاریدەدەری نوسینگەی دانیشتوان و پەنابەران و کۆچکردن لە ئەمریکا و دیدار وکۆبوونەوە لەگەڵ کێلی کلێمێنتس، جێگری کۆمسیاری باڵایUNHCR لە جیهان ئەنجام درا.
لەو دیدارەدا کێلی کلێمێنتس سوپاسی رێکخراوی پەنابەرانی جیهانی گەیاندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی تێکەڵکردنی منداڵانی پەنابەر لە قوتابخانە حکومییەکان و ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەرزنرخاند و بەڵێنی پشتگیریکردنی پرۆسەکەیاندا .