Skip to the content

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

لە دوای لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵی، کە رایگەیاندبوو پارێزگای دهۆک دووەمین پارێزگایە لە رێژەی نەخوێندەواریدا، وەزارەتی پەرەوەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ دەداتەوە کە ئەمەش دەقەکەیەتی:

لە لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدراڵدا هاتووە کە پارێزگای دهۆک، دووهەمین پارێزگایە لە ڕێژەی نەخوێندەواریدا، پێویست بوو ئەو بەڕێزە شیکاری وردتری پێشکەش بکردایە و بۆ بەرچاوڕوونی ئەم ڕوونکردنەوەیە ڕادەگەیەنین کە پاڵپشتە بە ئاماری فەرمی :

ئەو داتایەی کە گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵ باسی دەکات، شیکاری و بەراوردکاری بۆ نەکردوە، کە بزانێت چ پێشکەوتنێک لە ئاستی نەهێشتنی نەخوێندەواری بەتایبەت لە چوار ساڵی رابردوودا ڕویداوە لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگای دهۆک کە هەموو ئامارەکان پاڵپشت بە داتاکانی ( دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراق لە ژێر سەرپەرشتی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان) ئەنجامدراون، ئاستی دابەزینی ڕێژەی نەخوێندەواری بەرێژەی سەدی لە هەموو کوردستان زۆر دابەزیوە بەتایبەتریش پارێزگای دهۆک بەراورد بە ساڵی (٢٠١٢ و ٢٠١٨) کە ڕووپێوی کراوە رێژەی دابەزینی ئاستی نەخوێندەواری رێژەیەکی بەرچاوە کە ئەمەش نیشانەی بوونی پلانێکی تۆکمەیە، ڕێژەی نەخوێندەواری پارێزگای دهۆک لە ساڵی ٢٠١٢ بریتی بوە لە ( ٢٧،٢٪) لەساڵی ٢٠١٨ بریتیی بوە لە ( ٢٣،٢٪) لە ساڵی ٢٠٢١ بریتی بووە لە ( ١٨،٧٪) .

ئەو داتایانە داتای فەرمی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و دەستەی ئاماری عێراقن، کە لە ساڵانی ٢٠١٢ و ٢٠١٨ و ٢٠٢١ بە هاوبەشی ئەنجامیانداوە بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر ئەو کەسانەی تەمەنیان لەسەروو (١٠) ساڵە تا دەگات بەوەی لە ژیاندان بەگوێرەی چەندین سەرچاوەی ڕوپێوی .

بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتریش چەندین ئاماری دیکەش ڕادەگەیەنین :
١- ڕێژەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە لە ناو هەرێمی کوردستان، دهۆک دووهەمین پارێزگایە لە پاش هەولێر لە ژمارەی پەیوەندیکردنی قوتابیان بە خوێندنەوە، کە بریتیە لە (٣٤١٢٢) قوتابی تا سێ رۆژ پێش ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، کە هەمووان دەزانین دهۆک سێهەم پارێزگایە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام دووهەمین بەرزترین ڕێژەی قوتابیانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی تۆمار کردوە .
٢- وێڕای ئەوەی دهۆک سێیەمین پارێزگای هەرێمی کوردستانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، بەڵام لە پلەبەندی دووهەمدایە لە ڕووی ژمارەی قوتابیان و خوێندکاران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئاستی پەیوەندیکردنی بە خوێندن لە بەرزترین ئاستدایە کە ژمارەی قوتابیان لە پارێزگای دهۆک (جگە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ) وەک لە خشتەکەی لە خوارەوە هاتووە بریتیە لە (٤٣٠٦٩٨) چوارسەد و سی هەزار و شەشسەد و هەشتاو نۆ قوتابی، کە ئەمە دووهەمین گەورەترین ژمارەی قوتابیانە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.


سامان سیوەیلی
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان
٩ی ٩ی ٢٠٢٣