Skip to the content

بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی لە شاری ڕانیە دانرا

ڕۆژی دووشەممە ۲۲ـی نیسانی ۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و بە ئامادەبوونی ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ڕاوێژکاران لە وەزارەت، و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ڕاپەڕین و ژمارەیەک لە پەروەردەکار و سەرپەرشتیاران، لە مەراسیمێکی شایستەدا، بەردی بناغەی قوتابخانەی (دیدگا)ی ١٨ پۆلی لە سنووری پەروەردەی  ڕانیە دانرا.

پرۆژەی دروستکردنی قوتابخانەی دیدگا، کە هاوڕێی ژینگەیە بە پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دامەزراوەی (Vision Education) جێبەجێ دەکرێت.

لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی ڕاپەڕین، وێڕای بەخێرهێنانی  وەزیری پەروەردە و شاندی یاوەری، هاوکات سوپاسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد، کە داواکارییەکەی پەروەردەی ڕانیەی بە کرداری کردووە و یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی لە لایەن دامەزراوەی ڤیژن ئێجوکەیشن بە تەواوی پێداویستییەکانەوە بنیات دەنێت.

هەر لە مەراسیمەکەدا، وەزیری پەروەردە  گوتەیەکی پێشکەش کرد و ڕۆڵ و پێگەی دەڤەری ڕاپەڕینی لە کاروانی زانستخوازی بەرز و پڕبایەخ لە قەڵەم دا، و ڕایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە بە نوێنەرایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی مۆدێرن و گرنگ و پێویست لەم ناوچەیەدا دادەنێین."

هاوکات بەرزیی ئاستی زانست و توانستی قوتابییانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی ڕاپەڕینی بۆ ئێستا و داهاتوو بە ئومێدبەخش و ئاییندەگەش بینی.

لە درێژەی سەردانەکەدا بۆ دەڤەری ڕاپەرین، وەزیری پەروەردە بە شێوەیەکی مەیدانی قوتابخانەی چوارقوڕنەی بنەڕەتی بەسەر کردەوە و گوێبیستی  ڕاو و سەرنجی ستافی قوتابخانەکە بوو.