Skip to the content

مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژمارەیەک ڕێنماییکاری پەروەردەیی بەرێوە چوو

ڕۆژى یەکشەممە ۲۱ــی ٤ــی ۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان، و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەروەردەیی، بەشداری لە مەراسیمی ڕێزلێنان بۆ ژمارەیەک توێژەر و ڕێنماییکاری پەروەردەیی کرد.

مەراسیمەکە لەلایەن یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان بۆ ژمارەیەک ڕێنماییکاری پەروەردەیی ڕێك خرابوو، کە لە ماوەی ڕابردوودا (١٠٠) سمیناریان لە ناوەندەکانی خوێندن پێشکەش کردبوو.

وەزیری پەروەردە تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ڕێنماییکارانی پەروەردەیی و سوپاسی کردن، کە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هۆشیارکردنەوەی قوتابیيان و گەنجان بينيوه‌، هەروەها سوپاسی یەکێتيی مامۆستایانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستانی کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەو مەراسیمە و ڕێزلێنان لەو ڕێنماییکارانەی کە بەشداربوونە لە پرۆژەی ئەنجامدانی (سەت سمینار) لە ناوەندەکانی خوێندن.

ئالان حه‌مه‌سه‌عيد ئاماژەی بەوە دا کە وەزارەتی پەروەردە بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ڕۆڵی ڕێنماییکارانی پەروەردەیی، بۆ ئەم مەبەستە ڕێز و سوپاسی تایبەتی پێشکەش بەو ڕێنماییکارانە کرد کە بەشداربوون لە ئەنجامدانی (سەت سمینار) بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابییان و گەنجان.