Skip to the content

هەڵمەتی بەرفراوانی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشیی سورێژە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو

ڕۆژی پێنجشەممە‌ ۲٥ـی نیسانی ۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردە، بەئامادەبوونی د. صالح مهدی، وەزیری تەندروستیی عێراق، و د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەشێک لە بەرپرسانی تەندروستی و پەروەردە، لە چوارچێوەی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان و لەپێناو بەرگرتن لە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی سورێژە، لە قوتابخانەى (شەهید بەهرام)ـی بنەڕەتی له سەنتەری شاری هەولێر، هەڵمەتی نیشتمانیی كوتان دژی نەخۆشیی سورێژە بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان و قوتابییانی قۆناغەکانی یەكەم تاكو شەشەمی بنەڕەتی بەڕێوە چوو. هاوکات، قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی سەرجەم هەرێمی کورستان دەگرێتەوە.

جێی باسە هەڵمەتەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە هاوبەشی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی WHO و ڕێكخراوی یونیسێف بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەم مەبەستە چەندین تیم لە کارمەندانی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە قوتابخانە و باخچەکانی منداڵان لە حکومی و ناحکومی بەردەوام دەبێت، ئەم هەڵمەتە ماوەی دە ڕۆژ دەخایەنێت.

وەزیری پەروەردە، لەگوتەیەکیدا، سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەم هەڵمەتە و دەستخۆشی لە سەرجەم کارمەندانی تەندروستی کرد.