Skip to the content

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە، بە ئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی دیوانی وەزارەت و پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوو تەوەر گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، ئەوانیش هەموارکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن و پەسەندکردنی ڕەشنووسی پەیکەری وەزارەتی پەروەردە بوون.
لەم کۆبوونەوەیە چەند بڕیارێک دران، کە ئەمانەی خوارەوە بوون:
یەکەم: پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بۆ هەموارکردنەوەی ساڵنامەی تایبەت بە پۆلە ناکۆتاکان بۆ ئەو قوتابخانانەی کەخوێندنیان درەنگ دەست پێ کردووەتەوە.
دووەم: خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە ڕێکەوتی ٧ی ٥ تا ١٤ی ٥ بەشێوەی تاقیکردنەوەی نیشتمانی بۆ هەموو قوتابییان و ئەو بابەتانەی داواکراون بۆیان دیاری کراوە ئەنجام دەدرێن، هەروەها خولی دووەم لە ٢٨ی ٥ تا ٤ی ٦ ئەنجام دەدرێت.
سێیەم: لە ٢٣ی ٦ تا ١۷ی ٧ خولی یەکەمی تاقیکرنەوەی وەزاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی بۆ هەموو قوتابییان و خوێندکاران لە هەفتەیەک دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت. هەروەها خولی دووەم لە ١٧ی ٨ تا ٤ی ٩ ئەنجام دەدرێت، بۆ سوودی قوتابییان، بڕیار درا تاقیکردنەوەی خولی دووەم دوو ڕۆژ جارێک بێت، کە ساڵانی ڕابردوو هەموو ڕۆژێک بوو.
چوارەم: تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکان لەو ناوەندانەی خوێندنی حکومی و ناحکومی (هەموو کوردستان) کە لەگەڵ ساڵنامەی وەزارەت دەوامیان کردووە لە ١٣ی ٩، بەم جۆرە دەبێت:
-هەڵسەنگاندنی بازنەی یەکەم پۆلی ١ و ٢ و ٣ ی بنەڕەتی، لە ٣ ڕۆژ ئەنجام دەدرێت کە بریتین لە ٢٩ و ٣٠ی مانگی نیسان و ٢ی مانگی ئایار.
-تاقیکردنەوەکانی پۆلە ناکۆتاکان (٤ و ٥ و ٦ و ٧ و ٨ ی بنەڕەتی) و ( ١٠ و ١١ی ئامادەیی) لە ٤ی مانگی ٥ (ئایار) دەست پێ دەکەن، بۆ خولی یەکەم و لە ١٣ی مانگی ٥ کۆتاییان دێت، هەروەها خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە ٢٦ی ٥ دەست پێ دەکات و لە ٤ی ٦ کۆتایی دێت.
پێنجەم: تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ ی بنەرەتی وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ١٤ ی ٤ بۆ ئەو ناوەندانەی خويندن کە ڕەچاوی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردەیان کردووە، دەست پێ دەکات.
شەشەم: ئەو ناوەندانەی خوێندن کەلە ١٣ ی ٩ دەوامیان کردووە لە ١١ی ٣ تا ٢٣ی ٣ پشوویان دەبێت و ٢٤ی ٣ دەست بە دەوام دەکەنەوە، قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانیش بە ساڵنامەی خوێندنی خۆیان پابەندن، کە پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەیان کردووە.
حەوتەم: ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ٣ کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی ئامادەسازی بکرێت لە هاوینی ئەمساڵ کۆنفرانسی سەرپەرشتیاریی پەروەردەیی ئەنجام بدرێت بۆ زیاتر دەوڵەمەند کردنی بەرنامەی بونیادنانی تواناکان.
هەشتەم: ڕەشنووسی پەیکەری نوێی کارگێڕیی وەزارەت پەسەندکرا.