Skip to the content

یاداشتنامه‌ی لێکتێگەیشتن له‌ نێوان وەزارەتی پەروەردە و ئاژانسی کۆیکا لە هەرێمی کوردستان واژۆ كرا

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێكه‌وتى ۸ی۲ی۲۰۲٤، ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونى حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و سەفین دزەیى، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئاماده‌بوونی بەرێوەبەرانی گشتیی پلاندانانى پەروەردەیى و بەرێوەبەری گشتیی بیناسازی لە وەزارەت، پێشوازی کرد لە سنچۆل لیم، کونسوڵى گشتیی کۆماری کۆریای باشوور و سەرۆکی ئاژانسی کۆیکای کۆری لە هەرێمی کوردستان.

دواتر یاداشتنامه‌ی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و کونسۆڵخانه‌ی کۆریای باشوور و سەرۆکی ئاژانسی کۆیکای کۆری واژۆ کرا، ناوەرۆکی یاداشتنامه‌كە پێک ھاتووە لە چەند بابەتێک، لەوانە: دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی مۆدیرن لە گەڕەکی ژین ـی داره‌توو لە پارێزگای هەولێر، دروستکردنی سەنتەرێکی ڕاهێنانی تایبەت به‌ مامۆستایان، 20 قوتابخانە کە پێشتر لە لایەن تیپی زه‌یتوونە دروست کراون نۆژەن دەکرێنەوە، هەروەها نۆژەنکردنەوەی بینای کتێبخانەی زیتوونە و ئەنجامدانی چەند خول و ڕاهێنان بۆ فه‌رمانبه‌ران. شایەنی باسە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە بە گوژمەی 12 ملیۆن دۆلار واژۆکرا.